ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی تشرینی یەكەمی 2026، كۆمەڵەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند كە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی "ئاڤێستا"ی كوردی لە توركیا، بەهۆی بوێری و بەرگریكردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و كولتووری كوردی، خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادیی بڵاوكردنەوەی ئەمساڵی پێ بەخشراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەو دەزگایە ساڵانێكی زۆرە ڕووبەڕووی سانسۆر و هەراسانكردنی حكوومەت دەبێتەوە.
كۆمەڵەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێكدا رایان گەیاندووە، دەزگای ئاڤێستا براوەی ئەمساڵی خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازادیی بڵاوكردنەوەیە، خەڵاتەكە دەدرێتە بڵاوكارانی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بوێری و خۆڕاگری لە بەرگریكردن لە ئازادیی ڕادەربڕین. هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە ئاڤێستا پێشتریش لە ساڵی 2005 هەمان خەڵاتی وەرگرتبوو.
بەپێی راگەیەنراوی كۆمەڵەی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەمەریكا، كوردەكان گەورەترین كەمینەی نەتەوەیین لە توركیا و مێژوویەكی درێژیان هەیە لە ململانێ لەگەڵ حكوومەت بۆ مافی چارەی خۆنووسین و بەكارهێنانی زمانەكەیان لە پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا. دەزگای ئاڤێستا لە ساڵی 1995 بە ئامانجی ڕاكێشانی سەرنج بۆ "كولتوورە ونبووەكان" دامەزراوە و سەدان كتێبی بە زمانە جیاوازەكان بڵاو كردووەتەوە كە زۆربەیان لەبارەی كوردەوەن.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو دەزگایە "ئاڤێستا" ڕووبەڕووی چەندان كێشە بووەتەوە، لە سووتاندنی كۆگایەكی بگرە تا قەدەغەكردنی كتێب و داخستنی كاتیی وێبسایتەكەیان، كە لە ساڵی 2023 لەلایەن حكوومەتی توركیاوە وەك "پڕوپاگەندەی تیرۆریستی" پۆلێن كرا.
عەبدوڵا كەسگین دامەزرێنەری ئاڤێستا لە پەیامێكدا ڕای گەیاندووە، وەرگرتنی خەڵاتی ئازادیی بڵاوكردنەوە بۆ جاری دووەم، پاڵنەرێكی گەورەیە بۆ ئامانجەكەمان لە هاندانی ئەدەب، لێكۆڵینەوە و كولتووری كوردی، هەروەها تیشكێكی گەشە كە ڕێگەی پێشەوەمان بۆ ئەم كاروانە درێژە ڕووناك دەكاتەوە.
خەڵاتەكە لە ساڵی 2002 داهێنراوە و پێشتر چەندان دەزگای تری وەك دەزگای داھباری ڤەنزوێلی و گی مینهای لە هۆنگ كۆنگ وەریانگرتووە.