عومان و ئێران له‌سه‌ر ڕێڕه‌وه‌ سه‌لامه‌ته‌كانی گه‌رووی هورمز ڕێككه‌وتن

:: AM:08:28:08/10/2026 ‌
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاشكرای كرد، مه‌سقه‌ت و تاران ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دیاریكردنی ڕێڕه‌وی سه‌لامه‌ت و ئارامی كه‌شتییه‌كان به‌ گه‌رووی هورمز، ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش له‌ داهاتوویه‌كی نزیك ئاراسته‌ی ده‌سته‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌ كاری ده‌ریاوانی ده‌كرێت.

ئیسماعیل به‌قائی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرای كرد، تاران و عومان هه‌وڵه‌كانی خۆیان چڕ كردووه‌، تا دووباره‌ ئاسایش بۆ گه‌رووی هورمز بگه‌ڕێننه‌وه‌ و گفتوگۆ و ڕاوێژكردنه‌كان زۆرباش بوون و ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌رێنیان لێ كه‌وته‌وه‌.

زیاتر گوتی، هه‌ردوو وڵات گه‌یشتنوونه‌ته‌ لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی میكانیزمی به‌ڕێوه‌بردنی گه‌رووی هورمز و ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش له‌ داهاتوویه‌كی نزیك ئاراسته‌ی ده‌سته‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن.

هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، ئاسایشی كه‌شتیوانی له‌ گه‌رووی هورمز گرنگی زۆری به‌لای ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، زیاتر له‌ هه‌ر وڵاتێكی تر، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا به‌رپرسه‌ له‌ تێكچوونی دۆخی گه‌رووه‌كه‌ و نه‌مانی ئاسایش تێیدا له‌ ڕێی كرده‌یی چه‌كدارییه‌وه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د