بەغدا بەهۆی شلۆقی دۆخی دارایی پەنای بۆ گرانكردنی دۆلار برد، ئەوەش بەیەكجار عێراقی شێواند، بڕیارەكەی بەغدا هەر زوو كاریگەی لەسەر هەولێر و سلێمانیش هەبوو، شەپۆلێكی گرانی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە.
ژووری بازرگانیی سلێمانی رای گەیاند، "لەگەڵ بڕیاری بەرزكردنەوەی دۆلار، هەموو شتێك لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی 12٪ گران بووە، هەر كاڵایەك پێشتر 100 هەزار بووبێت، دەبێتە 112 هەزار دینار. دوێنێش زیاتر لە نیوەی بازرگانانی هاوردەكار نرخەكانیان زیاد كرد.
لە هەولێریش دۆخەكە لەسلێمانی باشتر نییە، سەرەڕای هۆشداری قایمقامێتی شارەكە و ژووری بازرگانی، بەڵام راستەوخۆ نرخی كاڵاكان بەرز بوونەوە.
بریكارە گەورەكانی كۆمپانیاكان لە هەولێر بە دوكانەكانیان راگەیاندووە، چیتر 100 دۆلار بە 135 هەزار مامەڵەی پێوە ناكان، لەكاتێكدا ئەو كاڵانەی ئێستە هەن بەو نرخە كڕاون و پێیستە بە نرخی پێشوو بفرۆشرێن.
نرخی كەلوپەلی كارەبایی راستەخۆ گران بوو، كەلوپەلی ماڵ نرخیان هەڵكشا، خۆراكیش وردە وردە بەرەو سەرەوە هەڵدەكشێت.
ئەگەرچی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو كەلوپەلەی ئێستە لەبازاردا هەن بەنرخی كۆن كڕاون و پێویستە ماوەی مانگێك وەك خۆیان بمێننەوە، بەڵام بازار شتێكی ترەو لەگەڵ شڵەقاندنی نرخی دۆلار هەمووشت گۆڕاوە.
قایمقامێتی شارەكان لیژنەی خێرایان بۆ چاودێری نرخ داناوە و دەڵێن، هەر كەسێك بە بیانووی دۆلارەوە زیادەڕەوی لە نرخدا بكات، سزا دەدرێت.
ئێستە دۆلار نرخی بۆ ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی تشرینی یەكەم
100دۆلار بە 166 هەزار و 100 دینارە
100 یۆرۆ بە 184 هەزار و 700 دینارە
100 پاوەند بە 217 هەزار 300 دینارە
یەك مسقال زێڕی عەیار 21 بە 978 هەزار دینارە
كاتێك نرخی دۆلار بەخێرایی بەرزدەبێتەوە، بازاڕ تووشی شۆك دەبێت و سترێس زۆر دەبێت، ئەمەش گرانی لەگەڵ خۆیدا دێنێت.
ئەگەر بانكی ناوەندیی بەهای دۆلار كەم بكاتەوە، ئێستە سیناریۆیەك هەیە نرخی فەرمی 100 دۆلار بكەن بە 148 هەزار دینار، بەڵام سیناریۆیەكی لاوازە، بۆیە چاوەرێ ناكرێت بتوانرێت بەمزووانە كۆنترۆڵی تێكچوونی بازاری عێراق بكرێت و ئاگرەكەی بەغدا دووكەڵی لە هەموو عێراقدایە لە هەولێر و سلێمانیش.