ئه‌مه‌ریكا: ئه‌گه‌ری داخرانی ئاسمانی سعوودیه‌ هه‌یه‌

:: AM:09:23:08/10/2026 ‌
باڵوێزخانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سعوودیه‌ هۆشداری به‌ هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته‌دا، كه‌ ئه‌گه‌ری داخرانی ئاسمانی سعوودیه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گه‌شتی ئاسمانی فڕۆكه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌و وڵاته‌ بوونی هه‌یه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ سعوودیه‌ هاتووه‌، به‌ ڕوانین له‌ گرژییه‌ به‌رده‌وامه‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی سعوودیه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كان دژی فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و ئاسمانه‌كه‌ی، داوا له‌ هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سعوودیه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌وپه‌ڕی وریاییدا بن.

ئاماژه‌ی داوه‌، پێویسته‌ هاووڵاتییانی ئه‌مره‌یكا چاوه‌ڕوانی دروستبوونی گرفت له‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی سعوودیه‌ و داخرانی ئاسمانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن، به‌وهۆیه‌وه‌یش گه‌شتكردن بۆ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ ئاسان نابێت، بۆیه‌ به‌ر له‌ گه‌شتكردنیان پێویسته‌ دڵنیا ببنه‌وه‌ له‌ بوونی گه‌شته‌كانیان و سه‌لامه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كان.

له‌ به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕیاز هاتووه‌، پێویسته‌ هاووڵاتییانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سنووره‌كانی یه‌مه‌ن نزیك نه‌بنه‌وه‌ و  به‌لای كه‌م زیاتر له‌ 30 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری نێوان سعوودیه‌ و یه‌مه‌ن دوور بن.

ئه‌و هۆشدارییه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ كاتێكدایه‌ پێكدادانه‌كانی سوپای حكوومه‌تی شه‌رعی یه‌مه‌ن به‌ پشتیوانی سعوودیه‌ و گرووپی حووسییه‌كان له‌ ناوچه‌ كه‌ناراوییه‌كانی یه‌مه‌ن به‌رده‌وامی هه‌یه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د