پیلانێكی تیرۆریستی داعش له‌ ئه‌مه‌ریكا پووچه‌ڵكرایه‌وه‌

:: AM:09:39:08/10/2026 ‌
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م بڵاویان كرده‌وه‌، توانیویانه‌ پیلانێكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی مۆڵێكی گه‌وره‌ی بازرگانی له‌ ئه‌مه‌ریكا پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌.

به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێن، ماوه‌ی دوو ساڵه‌ به‌ نهێنی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و پیلانگێڕییه‌ ده‌كه‌ن و گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵیشیان به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌ هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پیلانگێڕییه‌ گرتووه‌.

به‌ قسه‌ی به‌رپرسه‌كان، پیلانه‌كه‌ی داعش بریتی بووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ نێو مۆڵی "مۆڵ ئۆف ئه‌مه‌ریكا" له‌ شاری مینیاپۆلسی ئه‌مه‌ریكی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین مۆڵه‌ بازرگانییه‌كان له‌ ئه‌مه‌ریكا.

ئه‌و گه‌نجه‌ی گیراوه‌ ناوی "شیخدۆن عه‌بدوڵا محه‌مه‌د"ه‌ و به‌ وردی هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی پیلانگێڕییه‌كه‌ی داعشی له‌و شاره‌ داوه‌، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ته‌ناهییه‌وه‌ گیراوه‌.

مۆڵ ئۆف ئه‌مه‌ریكا یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین بازاڕه‌كان و ساڵانه‌ ملیۆنان گه‌شتیار سه‌ردانی ده‌كه‌ن و پێشتریش چه‌ندان هه‌وڵی تری تیرۆریستان بۆ به‌ ئامانگرتنی ئه‌و مۆڵه‌ بازرگانییه‌ بوونی هه‌بووه‌.



وشە - باز ئه‌حمه‌د