هەشت مامۆستای كورد دەچنە ناو لیستی باشترین زانایانی جیهانەوە

:: PM:01:49:09/10/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی نۆی تشرینی یەكەمی 2026، لە دەستكەوتێكی زانستیی بێوێنەدا بۆ كەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، هەشت مامۆستا لە زانكۆكانی پۆلیتەكنیكی هەولێر، سەلاحەدین و گەرمیان، ناویان لە لیستی زانكۆی ستانفۆردی ئەمەریكی بۆ باشترین 2%ـی زانایانی جیهان تۆمار كرا، ئەمەیش بەهۆی زۆریی ژمارەی توێژینەوە و پشتپێبەستنیان وەك سەرچاوەی زانستی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر چوار مامۆستا چوونەتە ناو لیستەكەوە، هەریەك لە پ. د. خەلیل حەسەن یونس بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەك بە 1494 سایتەیشن، پ. ی. د. ڕەوەز محەمەد سەلیم كوردە بۆ پێنجەم ساڵ لەسەر یەك بە 7193 سایتەیشن، پ. ی. د. غەفوور حەمەدەمین ئەحمەد بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك بە 1001 سایتەیشن، هەروەها پ. ی. د. ئەحمەد عەبدولجەلال عەبدولجەبار بە 1621 سایتەیشن لەلایەن زانایانی جیهانەوە وەك سەرچاوە پشتیان پێ بەستراوە.

لەمبارەیەوە پ. د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر گوتی، ئەم سەركەوتنە پەیامێكی ڕوونە بۆ ناوەندە ئەكادیمییەكانی جیهان بەوەی توێژەرانی كوردستان خاوەنی ئەو توانا زانستییە ئاستبەرزەن كە نەك تەنیا لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی، بەڵكو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ببنە ڕێنیشاندەر.

ئاماژەی بەوەیش كرد، ئەم پلەبەندییە جیهانییە، شانازییەكی گەورەیە بۆ زانكۆمان و دەبێتە هاندەرێكی گەورە بۆ توێژەرانی گەنج تا بڕوایان بە تواناكانی خۆیان هەبێت لە بەشداریكردن لە بەرەوپێشبردنی زیاتری ئاستی زانستی.

لە لایەكی ترەوە، دوو مامۆستای زانكۆی سەلاحەدینیش لە هەولێر وەك باشترین دوو زانای جیهان دەستنیشان كران. د. سامان عەبدوڵا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین بە "وشە"ی ڕا گەیاند، بە شانازییەوە پیرۆزبایی لە هەردوو مامۆستا پ. ی. د. بۆتان جەودەت عەبدوڵا مامۆستا لە بەشی فیزیا و پ. ی. د. هاژە عومەر عوسمان مامۆستا لە بەشی كیمیا دەكەین كە ناویان لە ڕیزبەندیی باشترین 2%ـی زانایانی جیهاندا هاتووە و ئەم دەستكەوتە گەورەیە مایەی شانازییە بۆ زانكۆی سەلاحەدین.

هاوكات زانكۆی گەرمیانیش بڵاوی كردەوە كە هەریەك لە پ. د. عەلی مستەفا محەمەد و پ. ی. د. حەیدەر ئیبراهیم محەمەد كە هەردووکیان مامۆستان لە بەشی فیزیای كۆلێجی پەروەردە، ناویان لە هەمان لیستی زانكۆی ستانفۆرددا تۆمار كراوە.

جێی باسە ئەم ڕیزبەندییە جیهانییە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای ئیلسیڤیەر دەردەچێت و داتاكانی لە "سكۆپەس" وەردەگیرێت، كە بەتەواوی پشتی بە توێژینەوەی زانستی، ژمارەی سایتەیشن و پێوەری (H-index) بەستووە بۆ دیاریكردنی توێژەرە سەركەوتووەكانی جیهان.



وشە - پۆڵا مەحموود