زانایان گۆڕانكارییەكی نوێ لەناو گڕكانی "دەمی دۆزەخ" ئاشكرا دەكەن

:: PM:02:59:09/10/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی نۆی تشرینی یەكەمی 2026، زانایانی ئەمەریکا چەند گۆڕانكارییەكی نوێیان لەناو گڕكانی ماسایا ناسراو بە "زارك - دەمی دۆزەخ" لە وڵاتی نیكاراگوا ئاشكرا كرد، كە بەپێی داتاكان جووڵەیەكی نائاسایی لە ژوورەكانی ماگما (بەردی تواوە) تۆمار كراوە و ئەمەیش پێشبینیكردنی تەقینەوەی گڕكانەكە سەختتر دەكات.

گڕكانی ماسایا نزیكەی 20 كیلۆمەتر لە ماناگوای پایتەختەوە دوورە و ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ سەیركردنی دەریاچەی ماگمای ناو دەمی "سانتیاگۆ" سەردانی دەكەن. بۆ بەدواداچوونی چالاكییەكانی، زانایانی زانكۆی ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمەریكی، شیكردنەوەیان بۆ داتاكانی مانگی دەستكردی "سێنتینێل-1" كردووە بۆ ئەوەی چاودێریی جووڵەی ماگما لە ژێر گڕكانەكەدا بكەن.

داتاكان ئەوەیان دەرخستووە كە زەویی دەوروبەری ژووری سەرەكیی ماگما لە نێوان ساڵی 2018 بۆ ناوەڕاستی ساڵی 2022 بە بڕی سێ سانتیمەتر دابەزیوە، پاشان تا ساڵی 2024 دووبارە بەرز بووەتەوە. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ دەرچوونی ماگما لە ژوورەكە و گەڕانەوەی بۆ ناوی.

لە هەمان كاتدا، ڕووی زەویی نزیك دەمەقەپی سانتیاگۆ بەردەوام بووە لە دابەزین، ئەوەیش وا دەكات زانایان پێشبینیی بوونی ژوورێكی تری ماگما بكەن لە قووڵایی 200 مەتر لە ژێر زەویدا.

ئەنجامەكان دەریدەخەن كە سیستەمی ماگما لە ژێر گڕكانەكە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی پێشتر دەزانرا. لەمبارەیەوە لیزی جۆنسۆن لێكۆڵەری سەرەكی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند، تێگەیشتن لە سروشتی چالاكیی گڕكانەكان و ئەو مەترسییانەی پێوەندییان پێوەی هەیە زۆر گرنگە، بەتایبەتی كە گڕكانەكە غازاتێك دەردەدات كە ڕەنگە ڕێژەكەی بگاتە ئاستێكی مەترسیدار.

سەرەڕای ئەوەی دوایین لێشاوی گەورەی ماگمای ئەم گڕكانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1772، بەڵام لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا چەند تەقینەوەیەكی بەخۆیەوە بینیوە. لە كۆتاییدا زانایان دووپاتیان كردەوە كە ئەنجامەكان ئاماژە نین بۆ تەقینەوەیەكی نزیك، بەڵام ئومێد دەكەن چاودێریكردنی بەردەوام یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە چالاكییەكانی و ئاگەداركردنەوەی دانیشتووان لە كاتی پێویستدا.


وشە - پۆڵا مەحموود