توێژینەوەى مێژوونووسێکی فڕەنسی لەبارەی ئەوەی ناپلیۆن بۆناپارت ئیمپراتۆری مێژوویی فڕەنسا موسڵمان بووە، دەنگدانەوە و مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی پاریسدا دروست کردەوە دوای ئەوەی لە وتارێکدا لە مزگەوتی گەورەی پاریس دووپاتی کردەوە "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ناپلیۆن موسڵمان بووە"، ئەمەیش پرسیارێکی مێژوویی زیاتر لە دوو سەدە پێش ئێستەی ورووژاندەوە.
لویس بلین، مێژوونووسی فڕەنسی لە
وتارێکدا کە لە 30ی ئەیلوول لە مزگەوتی گەورەی پاریس پێشکەشی کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە گوتی، "هیچ مشتومڕێک لەوەدا نییە کە ناپلیۆن موسڵمان بووە." بەڵام دوای چوار ڕۆژ دواى بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، مزگەوتی گەورەی پاریس لە ڕاگەیەنراوێکدا گوتى، هیچ بۆچوونێکی فەرمیی لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە.
پرسیاری موسڵمانبوونی ناپلیۆن پرسیارێکی کۆنە و وەڵامەکەی لە نێوان ڕووداوە مێژوویییەکاندا دژبەیەکە؛ ئەو سەرکردەیەی کە لە ساڵی 1798 بە بەیاننامەیەک کە بە "بسم الله" دەستی پێ دەکرد و ڕێزی خۆی بۆ پێغەمبەر و قورئان دەربڕیبوو، هاوکات لە ساڵی 1801 ڕێککەوتنی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان واژوو کرد و لە ساڵی 1804یش لە کاتێدراڵی نۆتردام وەک ئیمپراتۆر تاجی لەسەر نرا.
بلین لەسەر ئەم بنەما مێژوویییە ئاڵۆزە کتێبی "ناپلیۆن و ئیسلام"ی نووسیوە و بەهۆیەوە مێژوونووسانی تر ناکۆکن لەگەڵیدا، ئەم کتێبە لە 23ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پاریس لە نزیکەی 290 لاپەڕەدا چاپ کراوە.
لویس بلین لە ساڵی 1957 لە مارسیلیا لەدایک بووە و لە ساڵی 1986 بڕوانامەی دکتۆرای لە مێژووی هاوچەرخ لە زانکۆی سۆربۆن بەدەست هێناوە، پاشان لە کەرتی دیپلۆماسیی فڕەنسادا کاری کردووە، ناوبراو لێکۆڵینەوەکانی لەسەر پێوەندیی نووسەرە فڕەنسییەکانی وەک ڤیکتۆر هۆگۆ، لامارتین و ئەسکەندەر دوما بە ئیسلام و عەرەب چڕ کردووەتەوە.