بەیانی ئەمڕۆ جەلیل كاكەوەیس نووسەر و وەرگێڕی دیاری كورد، لە تەمەنی 78 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
جەلیل كاكەوەیس یەكێك لە دیارترین نووسەرەكانی كورد بوو، خاوەن چەندان كتێب بوو، هەم نووسینی خۆی و هەمیش وەرگێڕان، زۆر لە كتێبە گرنگەكانی دنیا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.
جەلیل كاكەوەیس لە ساڵی 1948 لە كەركووك لە دایك بووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە كەركووك تەواو كردووە و لە ساڵی 1974 كۆلێژی ئاداب بەشی كوردی لە زانكۆی بەغدا تەواو كردووە.
كاكەوەیس جگە لەوەی چیرۆكنووسێكی دیار بوو، ئەم كتێبانەشی وەرگێڕاوە. رۆمانی بەدگۆڕان (فرانتز كافكا)، كورد لە سەدەی حەوتەمەوە تا سەدەی دەیەمی زاینی (ئارشاك پۆڵادیان)، باخچەی بەردین (نیكۆس كازانتزاكیس)، رۆمانی رۆژەكە لە سەدەیەك درێژتر دەبێتەوە (جەنگیز ئەیتماتۆڤ)، هەڵبژاردەیەك لە چیرۆكی عەرەبی و جیهانی بەناوی (خڵتەی دنیا)، رۆمانی شلۆمۆ كوردە و من و رۆژگار (سەمیر نەقاش)، رۆمانی ئاهەنگی تەگەكە (ماریۆ بارگاس یۆسا) ، رۆمانی چل رێساكەی عەشق (ئەلیف شەفەق)، رۆمانی دەریاچە (یاسۆناری كاواباتا)، رۆمانی خەم و جوانی (یاسۆناری كاواباتا)، سۆفیگەرێتی (نیكۆس كازانتزاكیس) .