ئەردەلان بەكر هونەرمەندی شاری هەولێر، 17 ساڵ لەمەوبەر لە سوید كۆچی دوایی كرد، دوای هێنانەوەی تەرمەكەی و بردنی بۆ سەر قەڵای هەولێر، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاك هاتە سپاردن، هۆكاری مردنەكەشی تووشبوونی بە نەخۆشیی شێرپەنجە بوو.
ئەردەلان بەكر لە ساڵی 1967 لە گەڕەكی خانەقای شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەناو بنەماڵەیەكی كورد لە دایك بووە، لە سەردەمی تەمەنی لاویدا پێوەندی بە ریزەكانی شۆڕشی ئازادیخوازی كوردستان دەكات و دەبێتە پێشمەرگە، ماوەی چەند ساڵێك لە ریزی پێشمەرگەدا خەبات دەكات، پاشان دەست دەكات بەكاری هونەری و گۆرانیگوتن.
ئەردەلان خاوەنی چەندان بەرهەمی گۆرانی ناوازە و جوانە، لە سەرەتای ساڵی 1991 لە دوای راپەڕینە مەزنەكەی كوردستان، لەگەڵ كۆڕەوە جەماوەرییەكەی 31 ئاداری ئەو ساڵە كوردستانی بەجێهێشت و رووی كردە دەرەوەی وڵات، پاش ماوەیەك لە سوید گیرسایەوە، ئەردەلان شانبەشانی دەستەیەكی دیار و بەرچاو لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژی كورد لە سوید، درێژەی بە كارە هونەرییەكانی دا و توانی پێنج ئەلبوومی گۆرانی بەرهەم بهێنێت.
بەرهەمەكانی ئەردەلان كە پێكهاتبوون لە كچی گاور و بەینۆ بەینۆ و هەورامان و زۆر دەترسم و خەونێك بوو كە دوایین ئەلبوومی بوو، جگە لەوانەش بەشداریی چەندان ئاهەنگ و بۆنەی جیاجیا كردووە لە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لە جەژنی نەورۆز و بۆنە تایبەتەكان بۆ رەوەندی كورد لە تاراوگە كردووە.
ئەردەلان بەكر لە نەورۆزی ساڵی 2008 لەلایەن كۆمپانیای كۆڕەك موزیك بۆ یەكەمین جار دوای ئەوەندە ساڵە، گەڕایەوە بۆ كوردستان و چەند ئاهەنگێكی لە شاری هەولێر ساز كرد.
ئەو هونەرمەندە لە رێكەوتی 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2009 بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، لە نەخۆشخانەی كارۆلینسكای ستۆكهۆڵم دڵی لە لێدان كەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد، تەرمەكەی هێنرایەوە كوردستان و لە ڕێوڕەسمێكدا لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاك هاتە سپاردن.