هۆكاری ئەوەی كاتێك كەش سارد دەبێت وەك ئەوەی ئێمە لە ئێستە لە وەرزی پایزداین و وردە وردە كەش بەرەو ساردی دەگۆڕێت، ئازاری جومگەكان زیاتر دەبن، ئەویش بۆ دابەزینی پاڵەپەستۆی هەوا دەگەڕێتەوە، هاوكات كاریگەرییەكە لەسەر تەسكبوونەوەی دەمارەكان و لینجی ناو جومگەكان دەبێت و ئەوەش ئازارەكان زیاتر دەكەن.
پسپۆرانی بواری ئێسك و جومگە، زانیارییان بە بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "
شەرق ئەوسەت" داوە و ئاماژە دەدەن، لە كۆنەوە ئەو قسەیە هەیە كە كاتێك كەش سارد دەبێت، جومگەكان ئازاریان دەبێت، هەر خۆی لە كەشی سارددا ماسولكە و جومگەكان تووشی جۆرێك لە وشكبوونی دەبن و دەبێتە هۆی ئازار، بەڵام لە بنچینەوە هۆكارەكەی دابەزینی پاڵەپەستۆی هەوایە، بۆ ئەوەیش چارەسەر هەیە و دەكرێ ئەوانەی تووشی ئەو جۆرە ئازارە دەبن، هۆشدارییان لەبارەوە هەبێت.
لەبارەی هۆكارەكان زیاتر روونی دەكەنەوە، كاتێك پاڵەپەستۆی هەوا نزم دەبێتەوە، ئازار دەگاتە رەگی جومگەكان، بەوەیش كاریگەریی لەسەر لینجی "سینۆفی" ناو جومگەكان دەبێت، بەوەیش جومگەكان نەرمییان نامێنێ و زیاتر رەق دەبن و لە جووڵەی ئاسایی ئازاری زیاتر دەگەیەنن. لەوەیش زیاتر كەشە ساردەكە كاریگەریی لەسەر ماسولكە و دەمارەكان دەبێت و تەسكتریان دەكاتەوە، بەوەش هاتوچۆی خوێن لاواز دەبێ و جومگە و ماسولكەكان وشك دەبن.
ئەوەیش دەڵێن، لە كەشی سارددا كاتەكانی رۆژ كەمتر دەبنەوە، ئەوەیش كاریگەریی دەبێت لە كەمبوونەوەی جووڵە و چالاكییە جەستەییەكان، بۆیە وا دەكات ماسولكە و جومگەكانیش لاواز بن.
دواتریش پسپۆران بۆ ئازاری جومگە لە كەشی سارددا هەندێك رێنوێنی دەخەنەڕوو و دەڵێن، زۆر گرنگە لە كەشی سارددا جلوبەرگی گەرم بەكار بێنن، بەتایبەتی بۆ داپۆشینی جومگەكان. هەروەها هەرچی دەكرێ لەناو ماڵدا وردە چالاكیی جەستەیی بكرێ بۆ جووڵەی جومگە و هاتوچۆی خوێن. بۆ ئەوەی جومگەكان وشك نەبن، باشترە ئاوی نیمچەگەرم بۆ شوشتنی دەست و دەموچاو پێیەكان بەكار بێنن. دواتریش ئەگەر ئازارەكە كاریگەریی زیاتر بوو، دەتوانرێ سەردانی پزیشك بكرێ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.