ئاسمانی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی داخرا

:: AM:07:47:11/10/2026 ‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ناهی به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئاشكرای كرد، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ئاسمانی عێراق هاتوچۆی فڕۆكه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی لێ وه‌ستاوه‌ و هۆكاره‌كه‌یشی تا ئێسته‌ نه‌زانراوه‌.

 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ پێگه‌ی "سۆمه‌ریه‌ نیوز" گوتی، ئاسمانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ هاتوچۆی فڕۆكه‌ مه‌ده‌نییه‌كان چۆڵكراوه‌، ئه‌مه‌ داخستنی ته‌واوه‌تی و ماوه‌ درێژ نییه‌، بگره‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتییه‌ و هۆكاره‌كه‌یشی تا ئێسته‌ نه‌زانراوه‌ و ڕوون نییه‌.

 

به‌ گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بڕیاره‌ دوو فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌فه‌وه‌ به‌ره‌و ئێران ده‌فڕین، بۆ نه‌جه‌ف گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و نه‌چوونه‌ته‌ ئاسمانی ئێرانه‌وه‌.

 

ئه‌و داخستنه‌ كاتییه‌ و چۆڵكردنی ئاسمانی عێراق له‌ جووڵه‌ی فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی له‌ كاتێكدایه‌، چه‌ند ڕۆژێكه‌ ئه‌گه‌ری بۆردمانكردنه‌وه‌ی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌ ئارادایه‌، تره‌مپ چه‌ندان جار دووپاتی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی نیوه‌یی له‌ تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری ئه‌مساڵ و به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی ئیسرائیل كه‌ هه‌فته‌یه‌ك پێش نۆڤێمبه‌ر ئه‌نجام ده‌درێ، بۆردمانی پێگه‌ ستراتیجییه‌كانی ئێران ده‌كات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د