زانیاریی ئەوە گەیشتووەتە "وشە” كە چەند بازرگانێك بە هاوكاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەیانەوێ دەست بەسەر ژمارەیەك لە باخ و زەویی هاووڵاتییاندا بگرن.
زانیارییەكە بەمشێوەیە؛ زەوییەكان بە 15ی كەنەكەوە ناسراوە كە دەكەوێتە سەر نەخشەی ناوچەی سەوز و لە تاسڵووجە دیاری كراوە، ئەم زەوییانە وەك قەرەبوو بە خەڵكی ئەو گوندانەی سنووری دوكان كە ژێر دەریاچەی دوكان كەوتبوون.
ئێستە زیاتر لە 190 باخ بە نزیكەی 1,900 دۆنم، دەكەونە نێوان كەنەكەوە و تاسڵووجە، بەڵام چەند بازرگانێك بە هاوكاریی یەكێتی دەیانەوێ داگیری بكەن.
خەڵكی سنوورەكە بە "وشە”یان راگەیاند، هانایان بۆ شارەوانی و نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی بردووە، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە، زانیارییان هەیە بەناوی دابەشكردنی زەوییەكان بەسەر كارمەندانی ئاسایش، زەوییەكان دراوە بە كۆمپانیا.
بەگوێرەی نووسراوێكی شارەوانیی سلێمانی كە دەست "وشە” كەوتووە، بە ژمارە 6254 لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، داوای كوژاندنەوەی ئەو زەوییانە دەكات بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكرێ.
بەڵام خەڵكی سنوورەكە ئەوە وەك بیانوو دەبینن و دەڵێن، زەوییەكان دراون بە كۆمپانیا و رەوا نییە 190 باخ و 100 هەزار داری سەوز بكوژێنرێتەوە.
كێشەكە هێشتا چارەسەر نەبووە، خەڵكی خاوەن زەوییەكان لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر هەمان كێشە خۆپێشاندان دەكەن.