لەسەر پێشنیازی كچێكی كورد قوتابخانەیەكی ئەڵمانیا رۆژێك تایبەت دەكات بەجلوبەرگی نەتەوەیی

:: PM:02:14:11/10/2026 ‌
 لە ئەڵمانیا لەسەر پێشنیاری كچە كوردێك، قوتابخانەیەك بڕیار دەدات دووی 10، قوتابییەكان بەجلی نەتەوەیی خۆیانەوە بچنە قوتابخانە، ئەو رۆژەش ناو دەنێن رۆژی "كولتووری جلوبەرگ".

زەردەشت عوسمان دەیگێڕێتەوە ئێلینی خوشكەزای لە ئەڵمانیا دەژی، ئەم هاوینە بەسەردان گەڕابووەوە كوردستان و جلی كوردی بەلاوە جوان بووە، كە دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا لەگەڵ هاوپۆلێكیدا باسی ئەوە دەكات، بۆچی بەجلی نەتەوەییەوە نەچینە قوتابخانە؟

زەردەشت دەڵێـت، ئەو بابەتە لای كارگێڕی قوتابخانەكە باس دەكەن، دواجار  بڕیار دەدەن لە دووی 10 هەر كەسێك دەتوانێ بە جلی نەتەوەیی تایبەت بە خۆی بچێتە قوتابخانەوە، ئەمەش ناو دەنێن "ڕۆژی كولتووری جلوبەرگ" كە دەبێتە فێستیڤاڵێك بۆ منداڵی نەتەوە جیاوازەكان.

باسی لەوەش كردووە، رەنگە هەموو ساڵێك ئەو رۆژە بكەنە رۆژی كولتووری جلوبەرگ، ئیتر بۆ هەموو منداڵی نەتەوەكان گرنگە كە رۆژێك لە قوتابخانەیەكی ئەڵمانیا بەجلی نەتەوەییانەوە بخوێنن.

ئەوەشی گوتووە، مرۆڤ لە هەر كوێ بێت و هەرچی بێت، بێ شوناس و كولتوور تەنیا و ماندووە، كولتوورەكەت شانازییە نەك شەرمەزاری.



وشە - سۆران عەزیز