زۆر كەس لەوانەی كێشەیان لە رێڕەوی هەناسەدان لە لووت یان لە بۆری هەناسە هەیە، شەوانە لە كاتی نوستن لە رێگەی دەمەوە هەناسە دەدەن، واتە دەمیان كراوەیە و پرخەپرخ دەكەن، شارەزایانی تەندروستی باسی مەترسییەكانی ئەو حاڵەتە دەكەن.
هەناسەدان بە دەم لە كاتی نوستن دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕكردنی ئۆكسجین و شێوانی نوستن دروست دەكات، وەك پرخەپرخ و پچڕانی هەناسەدان، ئەوانەش بە نەرێنی كار لە تەندروستی دڵ و مێشك دەكەن، هەناسەدان بە دەم لە كاتی نوستن دەبێتە هۆی وشكهەڵگەڕانی دەم و گەروو و رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ داخرانی لووت و پچڕانی هەناسەدان كە ئەگەر دووبارە بووەوە، مەترسییەكانی تووشبوون بە پەستانی خوێن و كێشەكانی دڵ زیاتر دەكات، جیا لەوە كار لە تەركیز و بیرهاتنەوە دەكات.
لە هۆكارەكانی هەناسەدان بە دەم لە كاتی نوستن، داخرانی لووت بەهۆی هەستیاری و سەرمابوون و خواریی رێڕەوەكانی لووت، ئاوسانی ئاڵووەكان و بوونی زیادەی گۆشتی لە لووت و گەروو كە رێگری لە تێپەڕبوونی هەوا دەكەن، پچڕانی هەناسەدان لە كاتی نوستن، هۆكاری تر وەك قەڵەوی و رارایی و راهاتن لەسەر كردنەوەی دەم لە كاتی نوستن.
ئەو حاڵەتە چەند مەترسی و كاریگەرییەكی هەیە، لەوانە بەرزبوونی پەستانی خوێن بەهۆی كەمیی ئۆكسجین و زیادبوونی پەستانی سەر دڵ، ناڕێكیی لێدانی دڵ و پەككەوتنی، نەخۆشییەكانی خوێنبەری تاجی بەهۆی بەردەوامی كەم گەیشتنی ئۆكسجین و زیانگەیاندن بە لوولەكانی خوێن.