كاتێك لە وەرزی زستان نزیك دەبینەوە، كەش سەرما و رۆژ كورتتر دەبێ و بەیانیان درەنگتر هەتاو هەڵدێت، بۆیە زۆرن ئەوانەی بەیانیانی زستان خوو بە تەمبەڵی دەگرن و بەئاسانی لەسەر پێخەفیان هەڵناسن، ئەوەیش وا دەكات لە ئەركەكانی رۆژانەیان كەموكورتی بنوێنن، بۆیە پزیشكێك لەوبارەیەوە رێنوێنییەكانی دەخاتەڕوو كە بەیانیانی زستان بۆ تەندروستییەكی باشتر، چۆن هەڵسوكەوت بكەن.
پێگەی "شەفەق نیوز" هەواڵەكەی لە ئاژانسی "بی ئەی میدیا"ی بەریتانی وەرگرتووە كە شازنا خانووم سەرۆكی بەشی تەندروستیی دەروونی لە كۆمپانیای "بوبا"، رێنوێنییەكانی لەبارەی هەستان لە خەو بۆ بەیانیانی زستان خستووەتەڕوو، ئەویش بۆ دووركەوتنەوە لە تەمبەڵی و بەڕێوەبردنی رۆژێكی چالاك بۆ ئەركەكانی رۆژانە، چونكە لەو وەرزەدا بەیانیان هەتاو درەنگتر هەڵدێ و مرۆڤ لە پێخەفی گەرم تەمبەڵ دەبێت، بۆیە بۆ هەستان لە خەو، پێویست دەكات بەو رێنوێنییانە رۆژێكی چالاكتر بەڕێوە ببەن.
بەرلە هەر شتێك پزیشكەكە دەڵێت گرنگە كاتی دیاریكراو بۆ هەستان دیاری بكەن و رۆژانە لەوكاتەدا لە خەو هەستن و ئەوەیش بكەنە رۆتینی رۆژانە. هەرچەند زووتر لە خەو هەستن، زیاتر هەست بە چالاكی دەكەن. پاشان بۆ ئەوەی تاریكیی ژوورەكە دوور بكەونەوە، پێویستە لەگەڵ هەستاندا گڵۆپ یان چراكان هەڵبكەن، ئەوەیش ئاماژەیە بۆ ئامادەكردنی جەستە بۆ چالاكی.
ئەوەیش دەڵێ كە لە دوای هەستان، راهێنانی جەستەیی ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت ئەنجام بدەن بۆ جووڵەی خوێن، باشترە بە جەلوبەرگی گەرم بۆ ماوەیەكی كەم بچنە دەرەوە و بەلای كەمەوە پێنج خولەك رابكەن بۆ چالاكیی جەستە. لەبری ئەوەی بیر لە سەرما و تاریكی بكەنەوە، بیر لە جوانییەكانی وەرزی زستان بكەنەوە كە ئەوەیش وا دەكات میزاجتان خۆشتر بێت. پاشان بە خواردنەوەی چایەك یان گوێگرتن لە رادیۆ، میزاج خۆشتر دەبێت.
ئەو پزیشكە رێنوێنیی ئەوەیش دەخاتەڕوو كە لە دوای هەستان لە خەو و جووڵە بە جەستە، باشتر دەبێ كە بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت بۆنی بۆنە خۆشەكان بكەن، بۆ نموونە بۆنی گوڵ و رێحانە، ئەوەیش ئاسوودەیی بە مێشك دەدات و ئامادەی دەكات بۆ بەڕێوەبردنی ئەركی رۆژانە.لە هەستان لە خەو، باشترە كووپێك ئاو بخۆنەوە هەتا ئەگەر توینیش نەبن، ئەویش بۆ دووركەوتنەوە لە وشكبوونەوەی جەستە.
لە دوای ئەو جووڵانەوەیە ئەو پزیشكە رێنوێنی دەكات، ژەمی بەیانیانی تەندروست لە بیر مەكەن كە وا دەكات رۆژێكی پڕ چالاكی بەڕێوە ببەن. پاشان بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت هاتوچۆ بكەن بەتایبەتی ئەگەر رۆژەكە ساماڵ بێت و خۆتان بدەنەبەر تیشكی هەتاو، ئەوەیش حاڵەتی میزاجتان باشتر دەكات.