لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی، كۆبوونەوەیەكی گرنگمان كرد و ماوەیەكی زۆر بوو یەكترمان نەبینی بوو، نانێكی خۆشمان پێكەوە خوارد.
تاڵەبانی گوتی، لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان گفتوگۆمان لەگەڵ پرسی سیستمی حكومڕانی كوردستان كرد و لەزۆر لایەنیشدا هاوڕا بووین.
تاڵەبانی باسی لەوە كرد، هەندێك مۆدێلی حكومڕانی هەیە پێویستی بە گۆڕانكارییە، بۆ نمونەی كوردستان پێویستی بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن نییە، ئێستە وەبەرهێنەر ئەو كارە دەكات، بەڵكو پێویستمان بە مۆدێلی تر هەیە.
هەروەها روونی كردەوە، كاتێك دەڵێین پێویستە دەسەڵاتەكان شۆڕ بكرێنەوە، مەبەست ئەوەیە رۆتین نەمێنێت و خەڵك ئاسانتر مامەڵەكانیان بڕوات.
هەروەك دووپاتی كردەوە كە دەرفەتێكی باشە كە حكومڕانییەكی تۆكمە دروست بكەین، بەتایبەت لەو ناوچەی كە تێی كەوتووین.