مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە گوێندەلن (وێندی) گرین، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان و بەهێزتركردنی پێوەندیی و دۆستایەتیی و هاپەیمانیەتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و بە تایبەتی پەرەپێدانی لە بواری بازرگانی و فراوانكردنی زیاتری وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها دووپات لە پێویستیی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا.
لە بەشێكی تری گفتوگۆكاندا، پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و كرنگیی چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و شایستە داراییەكان و تەرخانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، تاوتوێ كرا.