دوێنێ تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا گەیشتە بەغدا و چاوی بە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوت، بەر لەوەش لە توركیا چاوی بە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە كەوتبوو، سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە دەكات كە دوور نییە سەردانەكە بۆ پاڵپشتیكردنی حكومەتی زەیدی بێت لە بەرانبەر گوشارەكان.
لە دوای كشانەوەی هێزی سەربازی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق، دۆخی عێراق چووەتە ناو قۆناغێكی نوێ، بەتایبەتی حكوومەتی عەلی زەیدی چەند بڕیارێكی داوە و بەنیازە هیتریش بدات، نرخی دۆلاری بەرز كردەوە و گوشاری سەر میلیشیاكانی زیاد كردووە و خەریكە كابینەی حكوومەت تەواو دەكات، لە بەرانبەردا دووچاری گوشاری ناوخۆیی و دەرەكی بووەتەوە.
دوای ئەوەی لە ماوەی دواییدا ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق ئاماژەیان بۆ ئەگەری وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتی زەیدی كرد، بەتایبەتی لە دوای زیادكردنی نرخی دۆلار، سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی سەردانەكەی باراك پێی وایە واشنتن دركی بەوە كردووە كە ئێران و هاوپەیمانەكانی هەوڵی گوشارخستنە سەر زەیدی لە رێگەی پەنابردن بۆ كارتی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی دەدەن.
دووپاتی كردەوە، بۆیە رەنگە هاتنی باراك بۆ نوێكردنەوەی متمانە بە حكوومەتی زەیدی بێت، كە پێشتریش لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا ستایشی كراوە، لەوانە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، سەرچاوەكە بە دووری نەزانی باراك لەو سەردانە باسی دۆسیەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان بكات، چونكە واشنتن گرنگی زۆر بەو دۆسیە دەدات.
لای خۆیەوە
عەقیل عەباس توێژەر لە كاروباری ئەمەركیا ئاماژە بۆ گرنگیی دیداری باراك و زێدان دەكات بەوەی ستراتیجیەتی لێكگەیشتنی ئەمەریكا و عێراق لەسەر بنەمای ئەوە بنیات نراوە كە دادوەری سەری رمە لە پرۆسەی مامەڵەكردن لەگەڵ بابەتی لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكان، ئەوەش زەوینەی گونجاو بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكاری دەرەخسێنێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیە.
روونی كردەوە، پێشبینی دەكرێت لە دوای كۆتاهاتنی دانوستان لەگەڵ میلیشیاكان و نەگەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ ئەو بابەتە، دەسەڵاتدارانی عێراق پەنا بۆ دادگە ببەن، ئەوەش دووپاتكردنەوەیە بەوەی ستراتیجیەتی ئەمەریكا لە مامەڵەكردن لەگەڵ میلیشیاكان لە رێگەی ئامرازە عێراقییەكان بەردەوامە.
عەباس ئاماژەی كرد، فاكتەری كاریگەر لە دۆسیەی داماڵینی چەك توندیی حكوومەت و دادگایە، تا گەیشتن بە ئامادەیی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان لەو دۆسیە، بەڵام ئەگەری هەیە لە سایەی هەڵوێستی توندی ئەمەریكا، كۆتایی نزیكی میلیشیاكان نەبینین و ئەو هیواكانی باراك نەیەنە دی.
ئەمڕۆ سێشەم تۆم باراك نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا پەیامێكی لە تۆڕی ئێكس لەسەر كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی كرد كە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ئاسایش و گەشەپێدانی میرات نییە بمێنێتەوە، بەڵكو سەركردە دەتوانێ ئەوانە دروست بكات.
باراك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، دیدارم لەگەڵ زەیدی زۆر بەرهەمدار بوو، ئارامی و ئاسایش بە میرات نامێنێتەوە، بەڵكو سەركردەكان دروستی دەكەن كە رێگەی قورس و سەخت دەگرنە بەر، ئاسایشی عێراق و گەشەپێدانی وڵاتەكە، بریتییە لە ئاسایش و گەشەی ناوچەكە، بۆیە سوپاسی زەیدی دەكەم لە سەركردایەتی و هاوبەشیكردن لەو ئەركەدا.
بەپێی چەند سەرچاوەسەك هەڵوێستی ئەمەریكا دوو ئاراستەی گرتووەتە بەر، یەكەم دووپات لە هاریكاری لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەكاتەوە و دووەم پڕە لە بێ ئومێدی لەوەی زەیدی نەیتوانی ئەو دەستكەوت و هەنگاوانەی بەڵێنی جێبەجێكردنی دان بە خێرایی جێبەجێ بكات، بەپێی بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە لە دوای كشانەوەی هێزەكانمان، ئەمەریكا چاودێریی چۆنیەتی كاركردن لەگەڵ عێراقییەكان دەكات و با بزانین ئەو پێوەندییە بە كوێ دەگات.
خەریكە ئەمەریكییەكان بە قەناعەتێك دەگەن، كە زەیدی ناتوانێت هەڵوێستی دژ بە میلیشیاكان و ئێران، تەنانەت بە هێواشیش یەكلا بكاتەوە، چونكە حكوومەتەكەی وا بەهێز و یەكگرتوو نییە و دەسەڵاتی ئێرانیش ساڵانێكە رووچووەتە ناو تەواوی كایەكانی دەوڵەتی عێراق و گەندەڵی داراییش تەشەنەی كردووە و تاران هێشتا سوود لە گەنجینەی عێراق و قاچاغی دۆلارەكەی دەبینێت، تاكە شت كە رێگری لە تەقینەوەی دۆخی نێوان عێراق و ئەمەریكا دەكات، ئەوەیە ئیدارەی ئەمەریكا دەزانێت كێشەی گەورەی ئەو گەیشتنە بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران یان وەشاندنی گورزێكی گەورەی سەربازییە لە رژێمەكەی، بۆیە مامەڵەكردنی لەگەڵ یەك تەنگژە، واتە ئێران، باشترە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دوو تەنگژە لە هەمان كاتدا، واتە ئێران و عێراق.