"دوای كشانەوەی ئەمەریكا هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەیەكە بۆ سەروەری عێراق"

:: PM:08:27:13/10/2026 ‌

راپۆرتێك ئاماژە بۆ مەترسییەكانی پێوەست بە هەرێمی كوردستان لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات، پێی وایە هەرێمی كوردستان تاقیكردنەوەیەكی ترە بۆ سەروەری عێراق، ئەگەر حكوومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی بەكارهێنانی هێز دەسەڵاتی راستەوخۆی دەوڵەتە، پێویستە توانای خۆی بۆ پاراستنی خاك و دانیشتووانی وڵاتەكەش بسەلمێنێت، لەوانە هەرێمی كوردستان، كە كورد و سوننە و شیعەی ناپێوەست بە ئێران گومانیان لەوە هەیە.

راپۆرتەكەی پەیمانگەی ئەنجوومەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ كاروباری نێودەوڵەتی كە بارەگەی لە دۆحەیە، باسی ئەوە دەكات كە كاریگەرییەكانی كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە هیچ شوێنێكی عێراق ئەوەندی هەرێم بە خێرایی دەرنەكەوت، كە لە كۆتای مانگی شوباتی رابردووەوە رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەكی و درۆنی هاتووەتەوە و ژمارەیەكی زۆری لە لایەن بەرگری ئاسمانیی ئەمەریكا لە هەولێر بەرپەرچی درایەوە، بەڵام ئێستە ئەوانە نەماون.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، بەپێی پەیكەر و پێكهاتەی دەوڵەت، هەولێر ناتوانێت بە تەنیا ئیدارەی بەرگری ئاسمانی بكات، چونكە بواری ئاسمانیی عێراق ئەركی حكوومەتی فیدراڵییە، هاوكات ئەو هاوبەشییەی لەگەڵ ئەمەریكا هەبوو و ساڵانێك بوو گەرەنتی بوو لە بەرانبەر بەغدا، ئێستە نەماوە، هەروەها پاڵپشتیی دارایی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەویش كۆتای هات.

راپۆرتەكە پێی وایە هەموو ئەوانە هەولێر دەخەنە هەڵوێستێكی سەختەوە، چونكە راستە كشانەوەی سەربازیی ئەمەریكا دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بەهێز دەكات، بەڵام هاوكات پشتبەستنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە دەوڵەتی عێراقی لە پاراستنی ئاسایشەكەی زیاتر دەكات، لە بەرانبەردا هەولێر وەڵامی ئەوە بوو كە هێزی پێشمەرگەی یەك خستەوە، گوشاری لەسەر بەغدا كرد بۆ چارەسەركردنی هەندێك بابەتی كۆنی هەڵپەسێردراو، لەوانە مووچەی هێزی پێشمەرگە، كە لەوەی سوپای عێراق كەمترە و بابەتی كڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی.  

راپۆرتەكە ئەوەشی گوت كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە هەر كاتێكی تر لەوەتەی 2014 مەترسی زیاتری لەسەرە، هاوكات لەوەتەی 2003ەوە زیاترین وابەندی بە بەغداوە هەیە، بۆیە شێوازی مامەڵەكردنی بەغدا لەگەڵ ئەو دۆخەی دروست بووە زۆر گرنگە، چونكە ئێستە حكوومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی زیاتری بەسەر بودجەی هەرێم و مووچە و بەرگریە ئاسمانییەكەی هەیە.

پەیمانگەكە ئاماژە دەكات، لە حاڵەتی بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتەی عێراق بۆ بەهێزكردنی یەكگرتنەوەی فیدراڵی، ئەوكات پاڵپشتی لە بانگەشەكانی بەهێزبوونی سەروەری دەوڵەت دەكات، ئەگەریش وەك ئامرازێكی ناچاركردن و گوشار لە دژی هەرێم بەكاری بێنێت، جارێكی تر ئەو ستەمانە زیندوو دەكاتەوە كە وایان كرد لە 2017 رووبەڕووی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم ببێتەوە.   

دوێنێ دووشەم سەباح نوعمان گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەبارەت بە هاریكاریی تەناهی لە نێوان هەولێر و بەغدا گوتی، هێزی پێشمەرگە بەشێكی دانەبڕاوی هێزە چەكدارەكانی عێراقە و هاوئاهەنگییەكی گەورە لە نێوان هەردوولا هەیە لەوانە لە ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی هەواڵگری، جیا لە سازكردنی كۆبوونەوە و سەردانی بەردەوامی یەكتر. 

ئاماژەی كرد، ئێستە ئەو ناوچانەی پێویستییان بە گرنگیدانی زیاتری تەناهییە، چەند هێزێكی تیادا بڵاو كراونەتەوە لە شەڕوانانی كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی تر، بە مەبەستی چارەسەركردنی بۆشاییە تەناهییەكان و رێگرتن لە گرووپە چەكدارە تیرۆریستەكان لە سوودبینین لەو ناوچانە و دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە. 

سەبارەت بە رێككەوتنەكانی كڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی نوعمان گوتی، رێككەوتن لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی تایبەت بۆ كڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی كراوە و یەكەم وەجبەی لە ماوەی كەمتر لە شەش مانگی داهاتوو دەگاتە عێراق و لە ناوچە جیاجیاكان بڵاو دەكرێنەوە، كە راداری پێشكەوتوو و چەكی بەرپەرچدانەوە و فڕۆكە لە چوارچێوەی ستراتیجیەتێك بۆ پاراستنی سەروەری ئاسمانی عێراق لە خۆ دەگرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل