پەرلەمان: پێنجشەم دەنگ لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەت دەدرێت

:: PM:10:48:13/10/2026 ‌

ئەمشەو فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە رۆژی پێنجشەمی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنی دەنگدان لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەت و پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان ساز دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی كورتی فەرمانگەكە، كارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەمی پەرلەمان لە یەك بڕگە پێك هاتووە، ئەویش دەنگدانە لەسەر كاندیدی جێگرانی سەرۆك وەزیران و وەزارەتە بەتاڵ و زیادكراوەكانی كابینەی حكوومەت.

ئەمشەو بەپێی نووسراوێكی فەرمیی نووسینگەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان كراوە، داوای كردووە بۆ دیاریكردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدی جێگرەكانی خۆی و وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەكەی، ئەو پێشنیازی پێنجشەمی داهاتووی بۆ دانیشتنەكە كرد.

بەپێی نووسراوەكە زەیدی روونی كردەوە كە جێگرانی سەرۆك وەزیران مووچە و دەرماڵەیان بۆ نابڕدرێتەوە و دامەزراندنی كارمەندی نوێ بۆ نووسینگەكانیان نییە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل