بۆمبێك لە سنووری كەركووك تەقییەوە، بەمەیش ئەفسەرێكی پلەباڵا و سەربازێك گیانی لە دەست دا و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی تشرینی یەكەم، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە دەوروبەری كەركووك، عەمیدێك و سەربازێك گیانیان لە دەست دا و دوو سەربازی تریش بریندار بوون، ڕووداوەكە لە كاتی كێوماڵكردنی پاشماوەی مۆڵگەكانی داعـشدا ڕووی دا.
بەگوێرەی سەرچاوەیەكی تەناهی، هێزەكان دوای ئەوە چوونەتە ناوچەكە كە فڕۆكە جەنگییەكان حەشارگەكانی داعشیان بۆردمان كردبوو، بەڵام كاروانی هێزە سەربازییەكان لە كاتی پشكنیندا كەوتووەتەبەر پەلامار و بۆمبێكی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە.
دەستبەجێ هێزە تەناهییەكان شوێنەكەیان گەمارۆ دا و تەرمی قوربانییەكان لەگەڵ بریندارەكان ڕەوانەی نەخۆشخانە كران، ئەمەش مەترسییە نوێیەكانی سەر دۆخی تەناهیی سنوورەكە و ئاستەنگەكانی بەردەم پاككردنەوەی ناوچەكەی زیاتر دەردەخات.