فەرمانێك لە مەسروور بارزانییەوە

:: AM:11:09:14/10/2026 ‌
بە مەبەستی مسۆگەركردنی ماف و شایستە داراییەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە فەرمانێكی حكوومیدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستانكاری هەرێمی ڕاسپارد، بۆ ئەوەی كار بكەن لە پێناو جێگیركردنی خەرجییەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەكانی بودجەی فیدراڵیدا.

بەپێی نووسراوێكی فەرمیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (12,649) و لە ڕێكەوتی شەشی تشرینی یەكەمی 2026، دووپات لەوە كراوەتەوە، هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پشكی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری دەكات لە دابینكردنی خەرجییە سیادییەكان، كە خەرجییەكانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، پێویستە لە دانوستانەكانی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027دا، كار بكرێت بۆ دابینكردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەكانی پێشمەرگە (لەوانەش پڕۆژەكان، ڕاهێنان و پڕچەككردن) بە پێوەری یەكسان وەك هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدراڵیدا.

هەروەها دووپات كراوەتەوە سەر هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا، بە مەبەستی داكۆكیكردن لەم داواكارییە لە قۆناغەكانی ئامادەكردن و پەسندكردنی بودجەی ساڵی 2027دا.


وشە - رامیار جەواد