شاجوانی ئەڵمانیا راهێنان بۆ پاڵەوانێتیی بۆكسینگ دەكات

:: PM:12:56:14/10/2026 ‌
شاجوانی ئەڵمانیای ساڵی 2022 كە هاوكات نمایشكارێكی جلوبەرگی دیارە، لە كاروانی ژیانیدا فرەبەهرەیە و ئێستە لە هەوڵدایە بەشداریی لە پاڵەوانێتیی یاریی بۆكسینگ بكات، بۆیە زۆر لە میدیاكان رۆشنایی زۆریان خستووەتە سەر ئەو بوارەی ئەو شاجوانە بەختی خۆی تێدا تاقی دەكاتەوە.

پێگەی "ئیلاف" ئاماژەی بەو رێگەیە داوە كە تاتیانا جێنەریچ /33 ساڵ/ی ئەڵمانی و بەڕەگەز رووسی، خۆی لە سەرەتادا وەك نمایشكاری جلوبەرگ دەركەوت، لە پێشبڕكێی شاجوانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2022دا، تاجەكەی خستە سەری، ئێستەیش كە بۆكسینگ ئارەزووی لە مێژینەیەتی، خەریكی راهێنانی ئەو یارییەیە و خۆی بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی ماگدیبۆرگ ئامادە دەكات. بۆیە میدیاكان بە ئافرەتێكی فرەبەهرە ناوی دەبەن كە لە سەرجەمیاندا سەركەوتنی بەدەست هێناوە. 

باس لەوە دەكرێ كە تاتیانا لە قۆناغی هەرزەكاریشدا ئارەزووی لە یاریی بۆكسینگ هەبووە، ئەوەیش بۆ ئەوەی لەهەر هەڕەشەیەك بەرگریی لە خۆی بكات، بۆیە ئەوكاتیش لە چەند پاڵەوانێتییەك بەشداریی كردووە، ئەویش بۆ ساڵانی 2007 تا 2009 دەگەڕێتەوە.

ئاماژە بەوە دراوە، ئێستە تاتیانا خەریكی بەرنامەیەكی راهێنانی رژدە بۆ ئەو یارییە كە هەفتانە پێنج رۆژ راهێنان دەكات، ئەویش بە راهێنەرێتیی دێریك دزیمسكی /54 ساڵ/. ئەو راهێنەرە پێشتر راهێنەری رۆبێرت ستیگلیتەز بوو كە پاڵەوانی جیهانی بوو و ئێستە راهێنەری تاتیانایە.

دواتریش باس لەوە كراوە كە تاتیانا دەیەوێ لەو بەهرەیە و یاریی بۆكسینگدا، نموونەیەكی سەركەوتن لە نێوان پیشە و وەرزش دەربخات، بۆیە دووپاتی دەكاتەوە كە ئامانجی كۆتایی بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییە لە كێشی 48 كیلۆگرام، بۆیە زۆر بە رژدی بەردەوامە لە هەوڵەكانی.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د