رۆژانە خەڵك خواردنەوە جیاوازە شیرینكراوەكان دەخۆن، رەنگە زۆریان لەبارەوە گوترابێت، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە ئەو جۆرە خواردنەوانە، وەك سۆدا و چای شیرین و خواردنەوە وزەبەخشەكان، كاریگەریی دوورودرێژ لەسەر مێشك دروست دەكەن.
ماغی موون شارەزای خۆراك و پسپۆڕ لە تەندروستی مێشك ئاماژە دەكات كە ئەو جۆرە خواردنەوانە تەنیا خۆیان نابنە هۆی تووشبوون بە خەڵەفان، بەڵام خواردنەوەی زۆریان و بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، هۆكارەكانی پێوەندیدار بە حاڵەتەكە زیاد دەكەن، وەك شەكرە و بەرزبوونی پەستانی خوێن و نەخۆشییەكانی دڵ.
ئەو خواردنەوە
شیرینكراوانە بڕێكی زۆر شەكریان تیادایە كە بە ئاسانی هەڵدەمژرێن، بۆیە شەكری خوێن بە خێرایی بەرز دەكەنەوە، دیانا دیبلی شارەزای خۆراك دەڵێت، ئەو بەرزبوونەوەیە بەرگری بۆ ئەنسۆلین دروست دەكات و رەنگە بۆ تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە پەرە بستێنێت، كە شەكرە هۆكارێكی تووشبوونە بە خەڵەفان، بۆیە توێژینەوەكان ئاماژە بۆ بوونی پێوەندی لە نێوان زۆر خواردنەوەی خواردنەوە شیرینكراوەكان و زیادبوونی خەڵەفان دەكەن.
جیا لەوە زۆر خواردنەوەی ئەو جۆرە خواردنەوانە دەبنە هۆی قەڵەوی و بەرزی پەستانی خوێن و زیانگەیشتن بە لوولەكانی خوێن، ئەوەش كار لە گەیشتنی خوێن و ئۆكسجین و خۆراكی پێویست بۆ مێشك دەكات و زیان بە مێشك و فەرمانەكانی دەگەیەنن، هەروەها زۆر پەنابردن بۆ ئەو جۆرە خواردنەوانە دەبنە هۆی دووركەوتنەوە لە خواردنی باش و تەندروست بۆ مێشك.