ئەمڕۆ چوارشەم 14ی تشرینی یەكەمی 2026، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕای گەیاند كە پشتگیریی وەشاندنی گورزی پێشوەختە لە ئێران ناكات پێش هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل كە بڕیارە لە 27ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، بەڵام لە هەمان كاتدا هۆشداریی دایە تاران و گرووپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە كە هیچ هێرشێك نەكەنە سەر ئیسرائیل.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، وەك وەڵامێك بۆ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە و قسەی نەیارە سیاسییەكانی كە دەڵێن هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەدات پێش هەڵبژاردنەكان، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕای گەیاند، ئەم بابەتە بۆ ئێمە گونجاو نییە و باش نییە.
نەتەنیاهۆ زیاتر گوتی، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش مووشەكمان ئاراستە بكات، ئەوا لۆمەی من دەكەن. هاوكات هۆشدارییەكانی پێشووی بۆ ئێران دووبارە كردەوە و دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ئیسرائیل ڕووبەڕووی هێرش ببێتەوە، ئەوا بە توندی وەڵام دەداتەوە.
لە دیمانەكەدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل نەچووە ناو وردەكارییەكانی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە لە دوای هەڵبژاردنەكان، یانیش گفتوگۆكانی ئەم دواییەی لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە ئێران.
لە كۆتاییدا نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەیش كرد كە گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران، هەوڵی ئەنجامدانی هێرش دژی ئیسرائیل دەدەن پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی.