ئەمڕۆ چوارشەم 14ی تشرینی یەكەمی 2026، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو حكوومەتی عێراق بڕیاری دا باج لەسەر كاڵای هاوردەكراوی خۆراك و دەرمان هەڵبگرێت، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەدات كە حكوومەتی هەرێم سوورە لەسەر جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بێت، بۆیە چاوەڕوانن بڕیارەكەیان بە فەرمی پێ بگات تا دیراسەی بكەن.
لە لێدوانێكیدا بۆ K24، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕای گەیاند، ئەم بڕیارە دوێنێ شەو دەرچووە، هێشتا حكوومەتی عێراق بە فەرمی هیچی بۆ ڕەوانە نەكردووین.
زیاتر گوتی، دەبێت ئەم بڕیارە بە فەرمی بگاتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە دیراسە بكرێت، ئەوكات بە دڵنیاییەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری پێویست دەدات بەپێی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان.
لەبارەی ئەگەری جێبەجێكردنی بڕیارەكە لە دەروازەكانی هەرێم، ئاماژەی بەوەیش كرد، بە دڵنیاییەوە هەر بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت، هەرێمی كوردستان سوورە لەسەری، بە مەرجێك دەبێت هەموو لایەنەكانی بخوێنرێتەوە، هۆكارەكانی ئەم بڕیارە چییە، دەرەنجامە ئەرێنی و نەرێنییەكانی دەخوێنرێتەوە، ئەوكاتە بڕیاری پێویست بەرانبەری دەگیرێتە بەر.
لە كۆتاییدا نەوزاد شێخ كامیل دووپاتی كردەوە، بۆیە هێشتا زووە قسە لەسەر ئەوە بكرێت كە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەبێت، یان جێبەجێ نابێت.