ڕێككارەكانی لە جێدانانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەست پێ دەكات

:: AM:10:12:15/10/2026 ‌
وەزارەتی دارایی بڕیار و رێنوێنیی تایبەت بە لە جێدانانی بەشێكی فەرمانبەرانی گرێبەست دەردەكات و دووپات دەكاتەوە، ئەوانە ناگرێتەوە كە ناویان لە لیستی مووچەدایە كە بۆ دارایی فیدراڵ دەنێرێت.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 29/9/2026 دەرچووە، ئاماژە بە رێكارەكانی لە جێدانانی فەرمانبەران كراوە.

ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، پرۆسەی لە جێدانان تەنیا لە وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەست پێ بكاتەوە، مووچەكانیشیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دەبێت.

لەجێدانان بۆ ئەو وانەبێژ و فەرمانبەرانە دەكرێت كە بە گرێبەست لەسەر میلاكی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزرابوون، بەڵام دواتر خانەنشینبوون یان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە یاخۆ بە هەر هۆكارێكی تر لە كارەكانیان بەردەوام نین.

بەپێی نووسراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، شوێنی ئەم مامۆستا و فەرمانبەرانە بە كەسانی شایستە پڕ دەكرێتەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای شایستەبوون و ڕەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ ئەوانەی مەرجەكانی دامەزراندنیان هەیە، مووچەكانیشیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دەبێت.

 نووسراوەكە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریش كراوە كە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی ڕاژە، ڕەشنووسی ڕێنوێنی و ڕێكاری پێویست بۆ بڕیاری لە جێدانان ئامادە بكەن و بینێرن بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندكردنی.
 
بەپێی داتایەكی وەزارەتی دارایی، 30 هەزار و 364 فەرمانبەری گرێبەست لە داودەزگاكانی هەرێمی كوردستان هەن.



وشە - سۆران عەزیز