بیكاسۆ: بەهرەكانتان تەنیا بۆ ئێوە نییە بەڵكو بۆ خۆشگوزەرانیی ئەوانی ترە

:: PM:03:52:15/10/2026 ‌
راپۆرتێك لەبارەی گوتەكانی بیكاسۆی شێوەكاریی جیهانی لەبارەی بەهرە و خۆشگوزەرانی لە پێگەیەكی ئەلیكترۆنی بڵاو بووەتەوە، باس لە بیر و بۆچوونەكانی ئەو هونەرمەندە دەكات چۆن دەڕوانێتە بەهرەكان ئەگەر بۆ كەسەكە بۆ خۆی بێت و قەتیسی بكات، بەڵكو پێی وایە بەهرە بۆ كەسی بەهرەوەر خۆی نییە بە تەنیا، بەڵكو دەبێ بۆ ئەوانی تر بێت و خۆشگوزەرانییان بۆ بێنێت.

پێگەی "عەرەبیە" كە ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی تشرینی یەكەم، راپۆرتەكەی لە پێگەی Diario AS  وەرگرتووە و لەبارەی بیرۆكەكانی بیكاسۆ زانیاریی دەخاتەڕوو، باس لەوە دەكات بیكاسۆ كە دیارترین قوتابخانەی تەكعیبیی لە شێوەكاری لە سەدەی بیستەمدا دامەزراندووە، بەو شێوەیە لە بەهرەی راستەقینەی روانیوە كە ئاشكراكردنی ئەو بەهرەیە بەس نییە ئەگەر لە خزمەتی ئەوانی تردا نەبێت، بۆیە ئەو گوتە ناودارەی كە ئەو هونەرمەندە دەڵێت، "بەهرەكانتان تەنیا بۆ ئێوە نییە بەڵكو بۆ خۆشگوزەرانیی ئەوانی ترە".

بیكاسۆ كە لە سەرەتای سەدەی بیستەم گۆڕانكارییەكی بنچینەیی لە دنیای هونەردا هێنایە كایەوە، جووڵەی پێشڕەویی سەربەست كرد لە پێگە تەقلیدییەكان كە چەندان سەدە دەستیان بەسەر داهێناندا گرتبوو، بۆیە ژمارەیەك هونەرمەندی ئیسپانی و بەتایبەتی لە پێشڕەوییاندا سلفادۆر دالی و بابلۆ بیكاسۆ، جووڵەیەكی ناوازەیان لە هونەری نوێ هێنایە كایەوە كە ئەوانیش سوریالی و تەكعیبی بوون.

بیكاسۆ بە شێوازەكەی لەبارەی شیكردنەوەی هونەری شێوەكاری، كاریگەرییەكەی تەنیا لەسەر كارە هونەرییەكانی خۆی نەبووە، بەڵكو بیرۆكە و روانگەی بۆ ژیان و داهێنان، سەركەوتنی كەسیی جیاواز بوو لە كەسانی بەرلە خۆی، چونكە پێی وایە هونەر تەنیا رێگەیەك نییە بۆ گوزارشتی كەسیی، بەڵكو هێزێكە دەتوانێ گۆڕانكاری دروست بكات و هەستەكانی بەرانبەر بجووڵێنێت، بۆیە ئەو بڕوایە لە كاروانی هونەریی ئەودا بەرجەستە بوو.

فەلسەفەی بیكاسۆ بەو جۆرەیە كە هەر كەسێك بەهرەیەكی هەبێت و لە خەڵكی بشارێتەوە و لەلای خۆی قەتیسی بكات، ئەوكات ئەو بەهرەیە تەنیا بۆ خۆیەتی و بە هەنگاوی یەكەمی داهێنان هەژمار دەكرێت، بەڵام هەنگاوی دووەم و گرنگتر ئەوەیە، ئەو بەهرەیە بخاتە بەرچاوی ئەوانی تر و بەشدارییان لە داهێنانەكە بكات، بۆیە بەهای راستەقینەی داهێنان، ئەوكات لایەنە ئەرێنییەكەی دەردەكەوێت ئەگەر بگاتە كەسانی تر و كۆمەڵگە، ئەوانیش بەشداریی لەو داهێنانە و گەشەپێكردنی بكەن.

دواتریش بیكاسۆ رەتی دەكاتەوە هونەر بكرێتە ئەزموونێكی تایبەت و قەتیسماو، بەڵكو هونەر بكرێتە زمانێكی مرۆیی و سنوور و كولتوورەكان تێپەڕ بكات، بۆیە خۆی لە رێگەی كارە هونەرییەكانی، ویستوویەتی ئاسۆی هونەری نوێ فراوانتر بكات و وەك میراتێكی رۆشنبیری بگاتە نەوەكانی داهاتوو، بۆیە بیكاسۆ بەو شێوازە بیركردنەوەیەی هەیبوو، بووە یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە توانیویەتی زۆرترین كاریگەریی لەسەر مێژووی سەردەم دابنێت.

بابلۆ بویز بیكاسۆ لە 25ی ئۆكتۆبەری 1881 لە ئیسپانیا لە دایك بووە، بە داهێنەری قوتابخانەی شێوەكاریی تەكعیبی دادەنرێت، ئەو شێوەكار و وێنەكێش و پەیكەرتاش بووە، تا ئێستەیش بەهای بەرهەمە هونەرییەكانی خۆیان لە ملیۆنان دۆلار دەدەن. لە هەشتی ئەپریلی 1973 لە مۆجاری فڕەنسا كۆچی دوایی كردووە.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د