ئانۆ جەوهەر نامەیەكی توند ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات

:: PM:10:33:15/10/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی تشرینی یەكەمی 2026، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نامەیەكی كراوە و توندی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و سەبارەت بە كاندیدی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە پشكی كریستیانەكان، پرسیاری ئەوەی كرد كە ئایا هێزی چەكدار و میلیشیاكان لە حكوومەت و پەرلەمان بەهێزترن؟.

لە پەیامێكدا كە لە لاپەڕەی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، ئانۆ جەوهەر ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە و نووسیویەتی، ئایا بە بوونی ئێوە دەسەڵاتی چەك بەسەر هەیبەتی دەوڵەتدا لە عێراق سەردەكەوێت؟ ئایا میرەكانی جەنگ و سەركردەی میلیشیاكان و نووسینگە ئابوورییەكان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت، سەرۆكایەتیی حكوومەت و پەرلەمان و لە ئیرادەی دەنگدەران و سندووقەكانی هەڵبژاردن بەهێزترن؟

لەبارەی مافی كریستیانەكان لە عێراق، زیاتر گوتی، تا كەی ئیرادەی ڕاستەقینەی كریستیانەكان وەك بارمتەیەك بۆ سەودا و مامەڵەی سیاسی دەمێنێتەوە؟ كەی بەغدا دادپەروەری بەرانبەر كریستیانەكان دەكات و ڕێز لە دەنگە ئازادەكانیان و هەڵبژاردەیان دەگرێت؟

ئانۆ جەوهەر ڕەخنەی لە دیاریكردنی كاندیدەكان گرت و ئاماژەی بەوەیش كرد، ئایا گونجاوە پۆستێكی وەزاری بدرێتە كەسێك كە هاوسەرەكەی بە پلەی وەزیر بێت لە هەمان حكوومەتدا؟ ئایا پۆستێكی وەزاری بە زۆرەملێ بدرێتە لایەنێك كە متمانەی دەنگدەرانی لە گۆڕەپانی هەڵبژاردنی كریستیانەكاندا لەدەست داوە؟ ئایا ئەمە دادپەروەرییە؟

هەروەها دووپاتی كردەوە، مافی كریستیانەكان خێرپێكردنی هیچ كەسێك نییە، نوێنەرایەتیكردنیشیان دەستكەوتێك نییە كە بەپێی باڵانسی هێز و هەژموون دابەش بكرێت، چاوەڕێی خێرتان لێ دەكەین و هیوادارین هەڵە نەبین.

لە كۆتاییدا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن هۆشداریی دا و گوتی، هەڵەكانی پێشوو دووبارە مەكەنەوە، ڕێگە مەدەن ئیرادەی چەك و پارەی پیس بەسەر ئیرادەی سندووقەكانی دەنگدان و دیموكراسی و پێكەوەژیاندا سەربكەوێت، ڕێز لە ئیرادەی كریستیانەكان بگرن.



وشە - پۆڵا مەحموود