ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی تشرینی یەكەمی 2026، جۆ ویلسن ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریکا، هێرشی توندی كردە سەر پەرلەمان و حكوومەتی عێراق بەهۆی دەنگدان و دیاریكردنی لەیس خەزعەلی بە جێگری عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هاوكات ئەو كەسایەتییە بە تیرۆریست و گرووپەكەیشی بە هاوشێوەی داعش وەسف دەكات.
پێشتریش هەر ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر لەیس خەزعەلی وەك جێگری سەرۆك وەزیران دا، هاوشان لەگەڵ دوو جێگری تر و پڕكردنەوەی 11 وەزارەتی بەتاڵی كابینەی حكوومەتەكەی عەلی زەیدی.
لە پەیامێكدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردووەتەوە، جۆ ویلسن ئەندامی كۆنگرێسی ئەمەریکا ڕای گەیاندووە كە لەیس خەزعەلی لە لیستی تیرۆردایە.
ئەو ئەندامەی كۆنگرێس لەبارەی گرووپەكەیانەوە زیاتر گوتی، گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق كە قەیس خەزعەلی (برای لەیس خەزعەلی) سەركردایەتیی دەكات، ئەمەریكی و عێراقییەكانی كوشتووە، هەروەها لە ڕێكخراوی داعش كەمتر خراپ نییە و ڕەنگە خراپتریش بێت.
جۆ ویلسن پێی وایە كە دامەزراندنی خەزعەلی "كارێكی جێی تووڕەییە، گەرچی بەداخەوە جێی سەرسڕمانیش نییە"، هەروەها پێی وایە كە گەلی عێراق بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە شایەنی دۆخێكی باشترن لەوەی ئێستە.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە داوای "ڕزگاركردنی عێراق لە دەستی ئێران" دەكات.