حكوومەتی عێراق بڕوای وایە دەكرێت دابەزاندنی نرخی دینار یارمەتیدەر بێت لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ئەمە وای لە بازرگانەكان كردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوەی كەلوپەلەكان لە داهاتووی پیشەكانیان نیگەران بن.
حەمزە ڕودەینی بازرگانێكی خۆراكە لە نووسینگە بچووكەكەی لە بازاڕی جەمیلە، كە یەكێكە لە فرۆشگە سەرەكییەكانی بەغدا، بە نیگەرانییەوە دانیشتووە و چاوەڕێیە بزانێت لە ڕۆژانی داهاتوودا چی ڕوودەدات.
بڕیاری حكوومەتی عێراق بۆ دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی بەرانبەر بە نرخی دۆلار وای كردووە بازرگانانی وەك حەمزە سەبارەت بە تێچووی گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان، تووشی زیانی لە ناكاو و گومان بن.
ڕودەینی دوای دابەزاندنی نرخی دینار بە "جەزیرە"ی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی ئەم بڕیارەدا دەبێت بە هەمان بڕی پارە ڕێژەییەكی كەمتر لە كەلوپەل بكڕێت.
زیاتر گوتی، هەموو ئەوەی دەیزانم ئەوەیە كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر خەبەرم بوویەوە 25 ملیۆن دیناری عێراقیم بەهۆی ئەم بڕیارەوە لە دەست دابوو ( دەكاتە نزیكەی 16.500 دۆلار)، لە كاتێكدا بازرگانە گەورەكان چەندان ملیار دیناریان لە دەست داوە.
ڕودەینی ساڵی ڕابردوو دەستی بە كاری بازرگانی كردووە، دوای ئەوەی كاری پێشووی لە بانكێكی تایبەتی عێراق لە دەست دا، كە بە گوتەی خۆی ئەم بانكە لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە سزا درابوو. ئۆتۆمبێلەكەی فرۆشتووە و سەرەتا دەستی بە كاری بازرگانی لەگەڵ بازرگانە گەورەكان كردووە، بەر لەوەی كارە سەربەخۆكەی خۆی دەست پێ بكات.
بەهۆی هەڵبەز و دابەزینی بەردەوامی نرخی دراو كە وای كردووە نرخەكان پێشبینینەكراو بن، ڕودەینی باس لەوە دەكات كە خۆی و چەندان بازرگانی تر بڕیاریان داوە تا ئەو كاتەی بارودۆخەكە جێگیر دەبێت كڕین و فرۆشتن ڕابگرن.
هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە بازاڕ بە تەواوی وەستاوە لە كاتێكدا بازرگانەكان بە دۆلار كەلوپەل دەكڕن، بەڵام بەهۆی ڕێنوێنییەكانەوە ڕێگەپێنەدراوە كە كاڵاكانیان بە دۆلار بفرۆشن، ئەمەش ڕەگی كێشەكەیە بۆ بازرگانەكان، دابەزینی نرخی دینار ئەوە دەگەیەنێت كە دەبێت بڕێكی زیاتر دیناری عێراقی بۆ هەمان ڕێژەی كەلوپەلی پێشوو تەرخان بكەن، ئەمەش وا دەكات بڕیاردان لەسەر وەرگرتنی نرخی زیادەی ئەو كەلوپەلانەی كە ئێستە لە كۆگەكان بەردەستن سەخت بێت.
هۆكاری دابەزینی نرخی دینار چییە؟
لە دوای شەڕی ئەمەریكا و ئێران، كە بووە هۆی داخرانی گەرووی هورمز، عێراق كێشەی لە هەناردەكردنی نەوت بۆ دروست بوو و لە ئەنجامدا داهاتی مانگانەی كەمی كرد، وەك هەوڵێك بۆ باشتركردنی ئەم تەنگژە داراییە لە حەوتی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ حكوومەتی عێراق نرخی نوێی دیناری بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بە فەرمی ڕاگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق ڕێژەی 1520دیناری بۆ هەر دۆلارێكی ئەمەریكی دیاری كرد، لە كاتێكدا پێشتر 1320 دینار بوو.
دابەزینی نرخی دینار بە نزیكەی 15% بە بەراورد بە نرخی دۆلار، وا دەكات حكوومەت لە داهاتی فرۆشتنی نەوت ڕێژەییەكی زیاتر دیناری عێراقی دەست بكەوێت، ئەمەش بۆ دابینكردنی خەرجییە گشتییەكان یارمەتیدەر دەبێت، لەوانەش مووچەی فەرمانبەران.
پێنجشەمی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیەك لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمان گوتی، ئەمە بڕیاری منە و خۆشم لێی بەرپرسیارم، بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی تر ڕووبەڕووی سێ بژارەی سەخت بوومەوە، یەكەم دەبوایە مووچە بە ڕێژەی 35% كەم بكەمەوە، دووەم دابینكردنی مووچە لە هەر 45 رۆژ جارێك، لە كاتێكدا بژارەی سێیەم پەنابردن بوو بۆ قەرزی دەرەكی.
روونی كردەوە، كاتێك حكوومەتەكەی لە مانگی ئایاردا دەستی بە كار كرد، زیاتر لە 208 تریلیۆن دیناری عێراقی قەرزی گشتی لەسەر وڵات هەبوو. لەوكاتەی حكوومەت پێویستی بە 10 تریلیۆن دینارە بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی تر بۆ هەر مانگێك.
مانگی ئابی رابردوو مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند كە یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی لە 106 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیكەی 80 ملیار دۆلار دابەزیوە، هەروەها حكوومەتی عێراق پەنای بۆ قەرزكردن لە بانكە ناوخۆییەكان بردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو داهاتەی لە دەستی داوە و بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی تر.
شارەزایانی ئابووری وریایی دەدەن كە هەرچەندە دەكرێت گۆڕینی نرخی دراو هەندێك لە كوشارە داراییەكان بۆ ماوەیەكی كاتی كەم بكاتەوە، بەڵام كێشە ئابوورییەكانی عێراق لە ڕەگوریشەوە چارەسەر ناكات.
نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری دەڵێت، دەكرێ نرخی دراو بگۆڕێت، بەڵام تەنیا لە كاتێكدا كە هیچ بژارەیەكی تر نەبێت، چونكە نابێت لە هەر حاڵەتێكدا گۆڕینی نرخی دراو بۆ داپۆشینی شكستە سیاسی و ئابووری و داراییەكانی وڵات بەكار بهێنرێت .
و: ئەوین مەحموود