شارەزایەکى کەشناسی پێشبینیی کرد کە عێراق لە بەردەم وەرزێکی بارانبارینی جیاواز و پڕ پیتدایە بە جۆرێک ڕێژەکەی لە تێکڕای گشتیی ساڵانی پێشوو بەرزتر دەبێت، هاوکات دووپاتی کردەوە کە ماوەی نێوان 27ی تشرینی یەکەم تا 15ی تشرینی دووەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و هەستیار دەبێت بۆ گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە تەواوى عێراقدا.
ئەمڕۆ هەینی 16ی ئۆکتۆبەرى 2026، واسق سەلامی شارەزاى کەشناسی لە پەیامێکدا
گوتی، نەخشەکانی نائاساییبوونی کەشوهەوا ئاماژە بە ئەگەری تۆمارکردنی وەرزێکی بارانبارین دەکەن کە لە وەرزەکانی پێشوو جیاوازە، لەگەڵ بارینی باران بە ڕێژەیەک کە لە تێکڕای گشتی بەرزترە.
ئەو شارەزایەی کەشناسی زیاتر گوتی، نیشاندەرە کەشناسییەکان سەرەڕای هەبوونی دواکەوتنێکی کاتی لە دەستپێکی وەرزی بارانباریندا، هێشتا مژدەی وەرزێکی پڕ لە باران لە تەواوی ناوچەکان دەدەن.
ئاماژەی بەوەیش کرد، کاریگەریی دیاردەی ئێل نینۆ و ئاراستەی گۆڕانکارییەکانی جەمسەری باکور بەرەو قۆناغی ئەرێنی، لەو هۆکارانەن کە پاڵپشتی لە پێشبینییەکانی وەرزی بارانبارینێکی بەخوڕ دەکەن.
سەلامی دووپاتی کردەوە، 27ی تشرینی یەکەم تا 15ی تشرینی دووەم، وەک یەکێک لە گرنگترین قۆناغە چاوەڕوانکراوەکانی کەشوهەوای عێراق دادەنرێت.