سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 رۆژ بەسەر دەستبەسەركردنیدا، هێزەكانی ئێران چارەنووسی ژینا ئەحمەدی هونەرمەندی خەڵكی مەریوانیان لە بەندیخانەی ناوەندی سنە لە بێسەروشوێنیدا هێشتووەتەوە، لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەشیان كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم هونەرمەندە رۆژی دووشەمی رابردوو لە ناو ماڵەكەیدا لە شاری مەریوان دەستبەسەر كراوە، دواتر بۆ بەشی كەرەنتینەی بەندیخانەی ژنانی ناوەندی سنە گواستراوەتەوە، بێ ئەوەی تا ئێستە هیچ زانیارییەكی ورد لەبارەی هۆكاری دەستبەسەركردن و تۆمەتە ئاراستەكراوەكانی بڵاو كرابێتەوە.
ژینا ئەحمەدی دامەزرێنەری (ماڵی موزیكی ژیلەمۆ)یە كە لە كۆتاییەكانی ئابی 2022 لە شاری مەریوان كرایەوە، ئەم دەستبەسەركردنە لە كاتێكدایە كە بەپێی ئامارەكان، لە ماوەی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا لانیكەم 70 هاووڵاتی لە شارە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستبەسەر كراون، لە ناو دەستبەسەركراواندا ژن و منداڵ و مامۆستا و هونەرمەند و رۆژنامەنووسیش هەن.