وێڕای ئەوەی عادل ئیمام ئەستێرە و هونەرمەندی گەورەی عەرەب و میسر، ساڵانێكە لە هاوێنەی رۆژنامەنووسان و كاری هونەری دوور كەوتووەتەوە، ئێستە كورە گەورەكەی كە دەرهێنەرێكی دیاری بواری سینەمای ئەو وڵاتەیە دەڵێت، خەریكی ئامادەكردنی فیلمێكی دیكیۆمێنتارییە تایبەت بە ژیان و كارە هونەرییەكانی باوكی، بەڵام ئێستە لە قۆناغی سەرەتایدایە.
پێگەی ئەلیكترۆنیی كەناڵی "
جەزیرە" راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا رامی ئیمامی دەرهێنەر و كوڕی عادل ئیمام تێیدا دەڵێت، خەریكی ئامادەكردنی فیلمێكی دیكیۆمێنتارییە تایبەت بە ژیانی تایبەت و كارە هونەرییەكانی باوكی، لەو فیلمەدا قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی ئەو هونەرمەندە گەورەیە دەخرێتەڕوو، بەڵام ئێستە لە قۆناغی سەرەتای فیلمەكەیە و خەریكی نووسینەوەیەتی، بەڵام باس لەوە دەكات كە بەو فیلمە، عادل ئیمام بەجۆرێكی تر دەگەڕێتەوە ناو جەماوەرەكەی.
رامی ئیمام زیاتر دەڵێت، پڕۆژە هونەرییەكەی دروست بۆ ژیانی باوكی دیكیۆمێنتارییە، باس لە مێژووی و كاریگەرییەكانی ئیمام لەسەر سینەما دەكات. جیالەوەی ئەگەری زۆرە لەو ماوەیەی كە لە ماڵەكەی خۆیدا ژیان بەسەر دەبات، وەڵامی چەندان پرسیار بداتەوە كە ئەوەیش لە فیلمەكەدا جێی دەبێتەوە.
ئەو لێدوانەی رامی ئیمام دوای ئەوە دێت كە چەند مانگێك بەرلە ئێستە، عەمرو لەیسی كە راگەیاندكارێكی دیاری میسرە، باسی ئەو فیلمە دیكیۆمێنتارییەی رامی كردووە كە تێیدا یادەوەرییەكانی باوكی دەخاتە بەرچاوی جەماوەر. دووپاتی كردووەتەوە كە ئەو فیلمە بەشێكی گرنگی ژیانی تایبەت وێستگەكانی هونەریی عادل ئیمام لەخۆ دەگرێت.
لەیسی لە بەرنامەی "شانۆی ژیان" لە كەناڵی "ئەلرەئی" كوێتی زیاتر گوتوویەتی، رامی ئیمام لەو فیلمەدا قۆناغە جیاجیاكانی كارە هونەرییەكانی دەخاتە بەرچاو، هەروەها چەندان پرسیار ئاراستەی باوكی دەكات و وەڵامەكانیشی تۆمار دەكات. بۆیە چاوەڕێ دەكرێ ئەو فیلمە دیكیۆمێنتارییە بەجۆرێك بێتە بەرهەم كە جارێكی تر و بەجۆرێكی تر، عادل ئیمامی ئەستێرە بە جەماوەرەكەی شاد ببێتەوە كە ئێستە زۆرترین قسە لەسەر ونبوونی لە بەردەم كامێرا دەكرێت.
چەند ساڵێك بەرلە ئێستە هونەرمەند عادل ئیمام، بڕیاری دا لە كاری هونەری دوور بكەوێتەوە و ئەوەی لە ژیانیدا ماوە، ژیان لەگەڵ خێزان و منداڵ و نەوەكانی بە هێمنی بەسەر ببات، ئەویش رامی ئیمام لە كانوونی دووەمی 2024دا ئەو بڕیارەی باوكی بە میدیاكان راگەیاند، بۆیە لەوكاتەوە ئەو هونەرمەندە لە هاوێنەی رۆژنامەنووسان دەرناكەوێت، جیا لەوەیش چەند جارێكی هەواڵی ناڕاستی مردنی بڵاو بووەتەوە كە دواتر خێزانەكەی رەتیان كردووەتەوە.
عادل ئیمام لە ساڵی 1940 لە شاری مەنسوورەی میسر لە دایك بووە، لە ناوەندی دەیەی شەستی سەدەی رابردوو لە ناوەندە هونەرییەكە دەركەوت، تا ئێستە لە 126 فیلمی سینەمایی و 16 دراما و 11 شانۆگەریدا رۆڵی سەرەكی بینیوە، لە بوارەكەی خۆیدا و لە ناوەندی هونەری بە "زەعیم" دەناسرێتەوە كە یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی سینەمای عەرەبییە.