وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری و هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وێژەیی و سەنتەرەكان، دیداری قەڵەمی ئازاد بەڕێوە دەبەن.
چالاكییەكە تایبەتە بەدنیای نووسین و فكری نووسەری دیاری كورد "ئازاد سوبحی".
دیدارەكە لە ژێر دروشمی "نووسین و گەڕان بەدوای ناسنامە لە جیهانێكی نامۆدا" ساز دەكرێت.
دیدارەكە رۆژی یەكشەم 25ی 10 لە هۆڵی بۆنەكانی هۆتێل دیدەمان بەڕێوە دەچێت.
بۆ دیدارەكە، كۆی كارەكانی ئازاد سوبحی لە چوار كتێبدا چاپ كراون.
ئازاد سوبحی "١٩٦١ – ٢٠١٤" شاعیر، نووسەر و چیرۆكنووسی هاوچەرخی كورد بوو كە لە شاری كەركووك لەدایك بووە.
سوبحی شاعیرێكی پەراوێزنشین: بە بێدەنگی و دوور لە دەمەقاڵە و شانۆگەریی راگەیاندن سەرقاڵی نووسین بووە و خۆی بە نووسینەوە هەڵنەواسیبوو بۆ خۆپێشخستن.
بەرای توێژەرەكانی ئەزمونی سوبحی زمان و وێنەی شیعری: تایبەتمەندیی دیاری شیعری ئازاد سوبحی لە قوڵایی وێنەی شیعری، پاراستنی ڕێزی وشە و وردبینی لە بەكارهێنانی زماندا دەردەكەوێت.
سوبحی پێی وا بوو تێكستی كوردی تەنانەت ئەگەر باسی شاخ و دۆڵ و شوان و گوندیش بكات، هێشتا مەرج نییە گوزارشتێكی تەواو كوردی بێت، بەڵكو پێویستی بە تێگەیشتنێكی قووڵتر هەیە بۆ ناوەرۆك و زمان.