دوو شەو لەمەوبەر كچێك لەلایەن باوكیەوە كوژرا، دەگوترێت بەهۆی رووداوێكی كۆمەڵایەتییەوە بووە و ئێستە باوكەكە بەگوێرەی مادەی 405 گیراوە. ئەمڕۆ یەكەم رۆژی پرسەی كیژان ژاژڵەیی بوو ئەو كچەی كە كوژراوە.
كیژان تەمەنی /30 ساڵ/ بووە و خەڵكی سلێمانییە، بەگوێرەی بە دواداچوونەكانی "وشە" كە ئەمڕۆ لە پرسەكەیەوە دەستی كەوتووە، ماوەیەكە كێشەی لەگەڵ باوكی هەیە و رۆژ بەڕۆژ كێشە خێزانییەكانیان زیاتر بووە، بەهۆیەوە باوكی لە كاتی گەڕانەوەی كیژان بۆ ماڵەوە، بە فیشەك تەقەی لێ كردووە.
باوكی كیژان كە ئێستە گیراوە، سەرەتا وایزانیوە كیژان گیانی لە دەست داوە، بەڵام بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە كراوە و تا ئەوكاتەی گوتەی لەلایەن پۆلیسەوە لێ وەرگیراو. ئەمڕۆ خاڵی كیژان گوتی، لە گوتەكانیدا گوتوویەتی سكاڵای لەسەر كەس نییە، وەك كەسوكارەكەیشی هێشتا سكاڵامان لەسەر كەس تۆمار نەكردووە.
پێشتر ئاری لەتیف گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رای گەیاند، بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە كەسێك تەقەی لە كچێكی خۆی كرد و بەهۆیەوە بریندار بوو، كچەكەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا و باوكەكە بەگوێرەی مادەی 405 گیراوە.
لەبارەی ئەو تاوانەی كوشتن كە هێشتا بە ئاڵۆزی ماوەتەوە، بەشێك لە چالاكان داوای لێدانەوەی كامێراكان و پشكنینی ئەو شوێنانە دەكەن كە كیژان پێش كوشتنی بۆی چووە، چونكە چەندان گومان لەسەر كوشتنەكەی هەیە، ناوی چەند كەسێكیش بەهۆی ئەو تاوانەوە دێت كە هاندەر بوون، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە.