ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئۆکتۆبەر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە واشنتن چاوەڕوانە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆئەمەریکا لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای داوە. هاوکات تارانی تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکان بۆ تاڵانکردنی سامانەکانی عێراق و هەڕەشەکردن لە سەروەریی وڵاتەکە.
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە "شەفەق نیوز"ی ڕا گەیاند، ئەمەریکا پێشبینی دەکات سەرۆک وەزیران زەیدی ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا بە سەرۆک ترەمپی داوە، ئەوانیش بریتین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی خاکی عێراق یان لە ڕێگەیەوە، هەروەها بونیادنانی هاوبەشییەکی ئەمەریکی - عێراقی کە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت.
ئەو گوتەبێژە زیاتر گوتی، ئامانجی ئێمە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، کە بریتییە لە عێراقێکی خاوەن سەروەری، ئاسایش و گەشەسەندووی ئابووری، کە پێداویستییەکانی گەلەکەی دابین بکات و بەشداری لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکەدا بکات.
لەبارەی ڕۆڵی تارانیشەوە، گوتەبێژەکە دووپاتی کردەوە کە "ئێران هیچ ڕۆڵێکی بونیادنەری نییە لەم هەوڵانەدا"، و تارانی وەک لایەنێک وەسف کرد کە متمانەی پێ ناکرێت و مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە بەکارهێنانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ تاڵانکردنی سامانەکانی گەلی عێراق و هەڕەشەکردن لە سەروەرییەکەی.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بەغدا لە زیادبووندان بە مەبەستی توندکردنەوەی چاودێری لەسەر دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران، ئەمەش بەهۆی ئەو مەترسییانەی کە ڕەنگە ئەو دەروازانە بۆ گواستنەوەی کەرەستە و مادەی سەربازی بۆ گرووپە چەکدارەکان بەکار بهێنرێن.
لەم چوارچێوەیەدا، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەم، دەسەڵاتدارانی عێراق دەروازەی سنووریی شیبیان لەگەڵ ئێران لە پارێزگای میسان تا کاتێکی نادیار داخست. بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە، ئەم بڕیارە لەسەر فەرمانی بەغدا بووە و هۆکارەکەیشی گەڕێندراوەتەوە بۆ کێشەی تەکنیکی کە وردەکارییەکەی ئاشکرا نەکراوە.