زیاد ئەسعەد بەڵێن دەدات ئەگەر تەندروستیی باشتر بێت و پزیشكان رێگەی پێ بدەن، ئەوا دەگەڕێتەوە كوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی تشرینی یەكەم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، چوار ڕۆژ پێش ئێستە لەگەڵ زیاد ئەسعەد قسەم كرد، پرسیارم لێ كرد كەی دەگەڕێتەوە؟ ئەویش بەڵێنی دا كە تەندروستیی باشتر بێت دەگەڕێتەوە.
باسی لەوەش كرد، ئێستە تەندروستیی باشە، بەڵام بۆ گەشت پێویستە پزیشكەكان رێگەی پێ بدەن، بۆیە بە دڵنیاییەوە تەنیا رێگر لەبارەی هاتنەوەی باری تەندروستیەتی.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەموومان پشتگیریی دەكەین بگەڕێتەوە شارەكەمان و بەرهەمی جوانمان پێشكەش بكات، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا دەگەڕێتەوە.
زیاد ئەسعەد لە دایكبووی 1966 ـی شاری هەولێرە، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و هۆنراوەنووسی ناسراوی كوردە. لە شاری هەولێر لە گەڕەكی تەیراوە لە دایك بووە. لە ساڵی 1983 بە گۆرانیی "دوعا دەكەم" لە ئاواز و هۆنراوەی قادر سەیاحی، دەستی كردووە بە گۆرانی و یەكەم كاسێتی لە ساڵی 1988 بڵاو كردووەتەوە. تا ئێستە خاوەنی پێنج ئەلبوومە، لە ساڵی 1993 كوردستانی جێهێشتووە و لە ئەوروپا و بەدیاریكراوی لە سوید دەژی، زیاد ئاوازی بۆ زۆر لە گۆرانیبێژە كوردەكان داناوە، ژمارەیەكیش لە گۆرانیبێژان گۆرانییەكانی ئەویان گوتووەتەوە.
بەهۆی دەرنەكەوتنی لە شاشەكان و میدیاكانەوە، ماوەیەكی زۆرە مشتومڕ لەسەر باری تەندروستی و دەروونی زیاد ئەسعەد دروست بووە، زۆر لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی باس لەوە دەكەن كە ئەو هیچ كێشەیەكی تەندروستیی نییە.