كۆنفۆشیۆس هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا

:: AM:09:17:24/10/2026 ‌
وه‌زیری جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، پنتاگۆن په‌یمانگه‌كانی كۆنفۆشیۆس كه‌ وه‌ك ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی له‌ نێو زانكۆكانی ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كه‌ن، به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌كرد، چونكه‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ كۆنفۆشیۆسیانه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی چینه‌وه‌ پاره‌دار ده‌كرێن و وه‌ك ئامرازێك بۆ بانگه‌شه‌كردن بۆ حزبی شیوعی چین به‌كارده‌هێنرێن.

پیت هێگسێس ئه‌مه‌ی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ناوبرد، بۆیه‌ سه‌رجه‌م په‌یمانگه‌ و ناوه‌نده‌ فه‌رهه‌نگییه‌ كۆنفۆشیۆسییه‌كان له‌ نێو زانكۆكانی ئه‌مه‌ریكا فه‌رمانی داخرانیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.

پێشتر واشنتن هه‌نگاوێكی هاوشێوه‌ی گرته‌به‌ر و سه‌رجه‌م په‌یمانگه‌ و ناوه‌نده‌ كۆنفۆشیۆسییه‌كانی له‌ ناو زانكۆكان كه‌ به‌ ئاشكرا بوونیان هه‌بوو، سه‌رجه‌میان داخران، به‌ڵام ئێسته‌ به‌ نهێنی و داپۆشراوی و نائاشكرایی ده‌ستیان به‌كاركردن كردووه‌ته‌وه‌.

هێگسێس ده‌ڵێ، ئه‌و ناوه‌نده‌ فه‌رهه‌نگی و كولتووریانه‌مان خسته‌ نێو لیستی ئه‌و ڕێكخراو و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا، بۆیه‌ دووباره‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یان و كاركردنیان به‌ شاراوه‌یی به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌یه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وه‌ك وه‌زیری جه‌نگ باسی ده‌كات، چین 80 شانه‌ی بانگه‌شه‌كردنی له‌ 30 زانكۆی ئه‌مه‌ریكی به‌ ناوی جیا جیا دروستكردووه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌میان یه‌ك ئه‌ركی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، ئه‌ویش دزینی بیرۆكه‌ی هزری و گۆڕینی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی قوتابیانی زانكۆكانی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به‌ چین و سه‌رنج ڕاكێشانیانه‌ بۆ خزمه‌تكردنی چین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د