سزای سەرپێچییكارە ژینگەییەكە دیاری دەكرێت

:: AM:11:15:24/10/2026 ‌
ئێوارەی دوێنێ‌ گرتە ڤیدیۆیەك بڵاو بووەوە كە كەسێك لەڕێی ئۆتۆمبێلەكەی بەسەر دارێك دەكەوێت، دواتر پۆلیسی هەولێر رای گەیاند كە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەكە گرتووە، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش دەڵێت، سبەی لیژنەی تایبەتمەند سەردانی شوێنەكە دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی تشرینی یەكەم، دڵشاد هیرانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكە گیراوە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت، ئەو كەیسە ئاراستەی دادگا دەكرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات كە چ سزایەكەی ئەو كەسە بدرێت.

باسی لەوەش كرد، سبەی لیژنەیەكی تایبەتمەند سەردانی شوێنەكە دەكەن، بۆ ئەوەی بزانن چ زیانێكی لە دارەكان داوە، دواتر راپۆرتی خۆیان پێشكەشی دادگا دەكەن و دادگا بڕیارەكە دەدات.

سزای بڕینەوە یان شكاندنی داری تەڕ و سەوز لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای دارستانەكان، توند كراوە بۆ ڕێگریكردن لە شێواندنی سروشت، سزای سەرەكی بڕینەوە یان شكاندنی داری تەڕ پێبژاردنی دارایی بە بڕی 500 هەزار دینار و بەندكردنە بۆ ماوەی سێ‌ مانگ، ئەمەیش بەپێی ڕێنوێنییەكانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و مادەی 22 لە یاسای دارستانەكانی هەرێم، جیاوازی لە نێوان جۆری دارەكان و شوێنەكەیاندا هەیە و بڕیاری لەسەر دەدرێت.



وشە - رامیار جەواد