لە نۆیەمین ساڵیادی داستانی سحێلا، جارێكی تر گوتە بەناوبانگەكە " خۆ نەچەمێنن" جارێكی تر پڕ بە ئیرادە و سەركەوتنەكانی كورد یادی دەكرێتەوە.
رۆژی 26ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 2017، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری سحێلا، هێرشێكی فراوانی هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبییان تێكشكاند و رێگرییان لە پێشڕەوییەكانیان كرد بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان.
لە داستانی سحێلادا، 22 پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان گیانی خۆیان فیدا كرد و شەهید بوون، لە بەرانبەردا زیاتر لە 250 چەكداری هێزە هێرشبەرەكان كوژران و بە شكانێكی گەورەوە پاشەكشەیان پێ كرا.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر ئەو داستانەدا، هێزەكانی پێشمەرگە هێشتا لە سەنگەرەكاندان و بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە پارێزگاری لە خاكی كوردستان دەكەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە ئارامی و ئاسایشدا بژین و ئەو پەیامە بە جیهان دەدەن، ئیرادە و باوەڕ لە هەموو چەكێك بەهێزترە.
"خۆ نەچەمێنن" ئەو دەربڕینە سادەیە بەڵام قووڵ بوو بە چەمك و ئێستە بەتەواوی لەسەر زاری تاك بە تاكی كورد دەگوترێتەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی چەندان جار لەلایەن سەرۆك بارزانی بەكار هێنرا.
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی كوردستان بەردەوام سەركردە سیاسییەكانی كورد كاریگەرییان لەسەر خەڵك هەبووە، بەڵام كەمتر كاریگەرییەكە تەواوی كوردستانیانی گرتووەتەوە. ئێستە دوای بەكارهێنانی دەستەواژەی "خۆنەچەمێنن" لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە، تەواوی كوردستانیان بۆ بەرهەڵستی هەر شتێك و هەوڵدان بۆ یەكگرتوویی كورد، بەكاری دێنن.
دوای خیانەتی 16ی ئۆكتوبەری ساڵی 2017 بە حەوت رۆژ، هێزەكانی عێراق و حەشد شەعبی بە هاوكاریی سوپای ئێران و حزبوڵای لبنان، هێرشیان كردە سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سحێلا و مەحموودییە، بەو ئامانجەی بگەن بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و فیشخاپوور، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە تووشی شكستی گەورە كران و یەكێك لەو داستانانەی پێشمەرگە تۆماری كرد، "داستانی خۆنەچەمێنن" بوو.
بەدەلبەندیی فەرماندەی لیوای یەكی سەر بە لەشكری رۆژ كە خاوەنی گوتەی "خۆ نەچەمێنن"ـە، ئەوكاتە بە "وشە"ی راگەیاند، داستانی خۆ نەچەمێنن یەكێكە لەو داستانە قارەمانانەی پێشمەرگە تێیدا سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر هێزەكانی دوژمن بەدەست هێنا.
روونی كردەوە، "دوای حەوت رۆژ لە داگیركاری و پەلاماری هێزەكانی عێراق و حەشد شەعبی، بە هاوكاری سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپێكی خیانەتكار و داگیركردنی كەركووك و ئەنجامدانی كارەساتی مرۆیی و وێرانكاری و سووتانی خانوو و شەهید و بریندار و ئاوارەكردنی خەڵكێكی زۆری كورد لە ناوچەكان".
"ئەو هێزانە ویستیان هەمان شت لە سحێلا و مەحموودیە و ناوچەكانی دەروبەری بكەن تا خۆیان بگەیەنن بە فیشخاپوور و ئیبراهیم خەلیل و داگیریان بكەن، بەڵام پێشمەرگە بەسەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی و كوڕەكانی و هەموو سەركردەكانی پێشمەرگە، كەوتنە حاڵەتی بەرگریكردنی مان و نەمان بۆ پاراستنی خاك و نیشتمان و شەڕێكی قورس دەستی پێ كرد، پێشمەرگە لەبەرئەوەی خیانەتی لێ نەكرا، سەركەوتنێكی گەورە و داستانێكی دیرۆكی تۆمار كرد كە تا كورد هەیە شانازی پێوە دەكات". بەندی وای گوت.
بەدەل بەندی كە خاوەنی گوتەی "خۆ نەچەمێنن"ـە لە ناوچەی سحێلا، لەوبارەیەوە دەڵێ، "داستانی خۆنەچەمێنن لە رێكەوتی 26ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو لە گەرماوگەرمی شەڕی بەرگری و مان و نەمانی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە میلیشیاكان تۆمار كراوە، لەو رۆژەدا پێشمەرگە بەرگرییەكی نەتەوەیی و نیشتمانی و مێژوویی بۆ پاراستنی خاكی كوردستانیان تۆمار كرد، بەڵام بەداخەوە لەو كاتەی كە داستانی خۆنەچەمێنن تۆمار كرا، 26 شەهید و 100 بریندار لە دەروبەری ئێمەدا هەبوون، بەڵام ئێمەی پێشمەرگە خۆمان نەچەماند بۆ ئەوەی كوردستان شكست نەهێنێ".