ئەمڕۆ سێشەم 27ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، نیازی خۆی بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دەستەواژەی "ژیریی دەسکرد" (AI) لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت لەبری ئەوە زاراوەی "ژیریی باڵا" (Super Intelligence) بەکار بهێنرێت.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" بڵاوی کردووەتەوە، کەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەست دەکات بە بەکارهێنانی ناوی ژیریی باڵا؟ چونکە ژیریی دەسكرد ناوێکی زۆر خراپە و ورد نییە، لە کاتێکدا ژیریی باڵا ئەو ناوەیە کە ئێستە نزیکەی هەمووان بەکاری دەهێنن یان بەمزووانە بەکاری دەهێنن.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەمزووانە و بە شێوەیەکی فەرمی، بەکارهێنانی دەستەواژەی "ژیریی دەسکرد" لە سەرجەم بەڵگەنامە پێوەندیدارەکان و هەموو بوارەکانی تردا قەدەغە دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ترەمپ پێکهێنانی "هێزی ژیریی باڵا"ی ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی وەک خۆی وەسفی کرد ڕێککەوتنی مێژوویی کۆشکی سپی سەبارەت بە ژیریی باڵا لەگەڵ گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا لە جیهاندا واژوو کرا. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاییەکان و باشترکردنی ژیانیانە، و هێزەکەش پێوەندییەکانی حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ بەکاربەران، ڕێکخراوە ئایینییەکان و دابینکارانی ژێرخانی سەرەکی ڕێک دەخات.