زۆرن ئەوانەی پێیان وایە تەندروستیی دەم و ددانەكان پێوەستن بە شوشتنی ددان بە داو و فڵچە، بەڵام پسپۆرانی بواری خۆراك روونی دەكەنەوە كە تەندروستیی دەم و ددان، زیاتر پێوەستن بە هەندێك خۆراك، هەندێك خۆراك سوود دەگەیەنن و هەندێكی تریش زیانیان بۆ پووك و ددان هەیە.
پێگەی "
ئەهرام"ی میسری، پشتی بە زانیارییەكانی پسپۆرانی خۆراك بەستووە كە قسەیان بۆ پێگەی "ئەنفۆبا"ی ئیسپانی كردووە و دەڵێن، دروستە كە پاككردنەوەی ددان و پووك بە داو و فڵچە گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەو خۆراكانەیە كە دەیخۆن، چونكە هەندێك خۆراك لەڕووی تەندروستییەوە بۆ ددان و پووك و دەم بەگشتی زۆرباشن، هەندێكی تریش زیانیان پێ دەگەیەنن، بۆیە گرنگە ئەو جۆرە خۆراكانە لە یەكتر جیا بكەنەوە.
پسپۆران لەبارەی خۆراكە باشەكان بۆ تەندروستیی ددان و پووك، ئاماژە بە پەنیر دەدەن كە خواردنێكی سووكە بۆ ددان و پووك، چونكە بە كالسیۆم و فسفۆر دەوڵەمەندە، پەنیر مینای ددان نوێ دەكاتەوە و پووكیش بەهێزتر دەكات. هەروەها گێزەریش ئەو سەوزەیەیە كە بە فڵچەی ددانی سروشتی ناو دەبرێت، ددانەكان پاك دەكاتەوە و دووریان دەخاتەوە لە بەكتریا زیانبەخشەكان.
هاوكات پسپۆران باس لە سێو دەكەن كە ئەویش بە فڵچەی ددانی سروشتی ناو دەبرێت، هەرچی پیسی و پەڵەی سەر ددان هەیە، لەناویان دەبات و وا دەكات هەمیشە رەنگی ددان سپی بچنەوە. ماسیی سەلەموون و سەردینیش كە بە ماسییە چەورەكان هەژمار دەكرێن، بۆ بەهێزكردنی ددان و پووك زۆر گرنگن، چونكە بە ڤیتامین "دی" دەوڵەمەندن. جیا لەوەی ترشەڵۆكی "ئۆمیگا3" لەخۆ دەگرن كە ئەویش بۆ نەهێشتنی هەوكردن گرنگە. هاوكات چەرەزات بەگشتی بۆ تەندروستیی ددان و پووك زۆر بەسوودە، بۆ نموونە بادەم كالسیۆمی تێدایە بۆ بەهێزكردنی مینای ددان. گوێزیش ترشەڵۆكی ئۆمیگا3 لەخۆ دەگرێت كە ئەویش بۆ تەندروستیی پووك زۆرباشە.
دواتریش پسپۆرانی بواری خۆراك باس لەو خۆراكانە دەكەن كە بە خواردنیان، زیان بە ددان و پووك دەگەیەنن، لە سەرووی هەموویان شیرینمەنییە ئاودارەكان كە زۆر بەخێرایی لە رێگەی بەكتریاوە ددان و پووك تێكدەدەن، هەروەها خواردنەوە گازی و وزەبەخشەكان كە شەكر و مادەی ترش لەخۆ دەگرن، ئەوان وا دەكەن چینی سەرەوەی مینای ددان لاواز بێت و دواتریش لەناو بچێت. پاشان شیرینیی سروشتیش هەندێكیان زیان بە ددان و پووك دەگەیەنن، بەتایبەتی میوە وشككراوەكان.