ئه‌كسیۆس: تره‌مپ زۆرترین مه‌یلی به‌لای هێرشی فره‌وانه‌ بۆ سه‌ر ئێران

:: AM:07:54:31/10/2026 ‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماسی ئاشكرای كرد، پێشكه‌وتنی باش له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ دانوستان له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆ شه‌موویش درێژه‌ به‌ گفتوگۆكانی وڵاتانی ناوه‌ندگیر له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا ده‌درێ. سه‌ره‌ڕای تره‌مپ زۆرترین مه‌یلی به‌لای ئه‌وه‌یه‌ هێرشێكی سه‌ربازی فره‌وان بكاته‌ سه‌ر ئێران.

به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی له‌وباره‌وه‌ بۆ پێگه‌ی "ئه‌كسیۆس" گوتی، دوو داواكاری دژ به‌ یه‌ك له‌ نێوان واشنتن و تاران هه‌یه‌، یه‌كه‌میان سووربوونی تره‌مپه‌ له‌سه‌ر سازشكردنی ته‌واوه‌تی ئێران له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوكی ئه‌و وڵاته‌ و ئه‌مه‌ی كردووه‌ به‌ مه‌رجی ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ گفتوگۆكان، دووه‌میان داوا و مه‌رجێكی ئێران، بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی ده‌ریایی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ و ئازادكردنی پاره‌ سڕكراوه‌كان و ڕێگه‌دان به‌ فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، هه‌ریه‌ك له‌ جه‌ی دی ڤانسی جێگری سه‌رۆك و ستیڤ ویتكۆفی نێرده‌ی تایبه‌ت و جارید كۆشنه‌ری زاوای تره‌مپ خواستیان له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ گفتوگۆ و دانوستانه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام تره‌مپ به‌ گومانه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ڕوانێت.

له‌وباره‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئه‌كسیۆس گوتی، وڵاتانی ناوچه‌كه‌ وه‌ك میسر و توركیا و پاكستان و عێراق و سعوودیه‌، تارانیان ئاگه‌داركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ڕه‌زامه‌ند بێت له‌ ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ گفتوگۆكان به‌ر له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی نیوه‌یی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام بدرێت.

به‌ گوته‌ی به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌، تره‌مپ زۆرترین مه‌یلی به‌ ڕووی فه‌رمانكردنه‌ به‌ ئه‌نجامدانی هێرشێكی سه‌ربازی فره‌وان بۆ سه‌ر ئێران، له‌ ئه‌گه‌ری شكستی كۆمارییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی نوێكردنه‌وه‌ی نیوه‌یی.

به‌رپرسه‌كه‌ ڕوونی كرده‌وه‌، تره‌مپ ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ بێزاری و په‌راوێزخستن و شكست بكات، هه‌نگاوی بوێرانه‌ ده‌هاوێژێت، ئه‌وه‌یش به‌ لایه‌نی ئێرانی گوتراوه‌، بۆیه‌ باشترین ده‌رفه‌ت بۆ تاران ئه‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌ دانوستانه‌كان بكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسییه‌كه‌ی ئه‌كیسیۆسیش نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ دوێنێ هه‌ینی ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌ ناوه‌ندگیرانی قه‌ته‌ر خه‌ریكی هه‌وڵه‌كانیان بوون له‌ نێوان وانشتن و تاران بۆ ڕازیكردنی هه‌ردوولا تا بێنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆكان، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌مڕۆ شه‌موویش له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌رده‌وامیان پێ بدرێ و پێشكه‌وتنیش له‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌وڵه‌كان بوونی هه‌یه‌.



وشە - باز ئه‌حمه‌د