وێڕای ئەوەی سركەی سێو بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر بەسوودە، بەڵام چونكە پلەی ترشییەكەی زۆر بەرزە، ئەگەر هەندێك زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت، لەبری سوودەكانی، زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بەتایبەتی تێكچوونی گەدە و ئەركی هەرسیش تێكدەدات، جیالەوەی مینای ددانەكانیش دەخوات.
پێگەی "عەرەبیە" هەواڵەكەی لە پێگەی "هێڵس" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری خۆراك قسەیان لەبارەی سوود و زیانەكانی سركەی سێو كردووە، باس لەوە دەكەن كە سركەی سێو وێڕای ئەوەی سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، لە بەرانبەریشدا ئەگەر وریا نەبن، زیانەكانی زیتر دەبن ئەگەر زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی بدرێت، بەتایبەتی تێكچوونی گەدە و قورسیی هەرسكردنی خۆراك و خواردنی ددانەكان.
لەبارەی زیانەكانی سركەی سێو پسپۆران ئاماژە بە سووتانەوەی قوڕگ و گەدە دەكەن، بەتایبەتی هەر خۆراكێكی ترس ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت، بە نەرێنی بۆ سەر قوڕگ و گەدە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی سركەی سێو كە زۆر ترشە، بۆیە باشترین رێگە بۆ رێگرتن لەو زیانە، ئەوەیە ئاوی تێبكرێت ئەوجا بەكار بهێنرێت نەك بە سادەیی.
دووپات لەوەش دەكەنەوە كە سركەی سێو وا دەكات ئەركی هەرس زۆر قورس و خاو بێت، واتە خواردن بۆ ماوەیەكی درێژ لە گەدە دەمێنێتەوە، ئەوەش وا دەكات كەسی بەكارهێنەر بەردەوام هەست بە تێربوون بكات كە ئەویش زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.
هەروەها باس لەوە دەكەن كە سركەی سێو كاریگەریی لەسەر مینای ددان دەبێت و دەیخوات، لە كاتێكدا ئەو مینایە چینی دەرەوەی ددانە بۆ پارێزگاری لێی. هەروەها كاتێك زیان بە مینای ددان بگات، ئەوكات زیانەكە دەگاتە تەواوی ددانەكە و لاواز و هەستیاری دەكات و ئەو ئەركەی نامێنێت كە بتوانێ بە پارێزگاریی بمێنێتەوە.
ئاماژە بەوە دەدەن كە خەڵكێكی زۆر هەن سركەی سێو بۆ چارەسەری پێستی دەموچاو و قنچكەی گەنجی بەكار دێنن، چونكە دژەبەكتریا لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەگەر بە سادەیی بەكار بهێنرێت، ئەوكات پێستەكە تووشی سووربوونەوە و هەستكردن بە سووتانەوە دەبێت. بۆیە زۆر گرنگە ئاو بكرێتە ناو سركەی سێو و كاڵ بكرێتەوە.
پسپۆران باس لەوە دەكەن كە ئەگەری زۆرە بەكارهێنانی سركەی سێو، كاریگەریی لاوەكی هەبێت و كار لەسەر تێكچوونی جگەر بكات، بەتایبەتی ئەوكاتەی زۆر بەكار بهێنرێت و بۆ ماوەیەكی زۆریش بمێنێتەوە، بۆیە زیان بە جگەر دەگەیەنێت.
دواتریش پسپۆران باس لە توێژینەوەیەكی كۆن دەكەن كە پێیان وایە، ئەگەر بە رێژەیەكی زۆر سركەی سێو بەكار بێنن، كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی پۆتاسیۆم دەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تەمەنیان دەگاتە نزیكەی 30 ساڵ.