ئێستە زۆربەی خەڵك كیسەی چا بۆ دروستكردن و ئامادەكردنی چا بەكار دەهێنن، بەڵام ئەم كیسانە مەترسییەكی گەورە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكەن و تەنۆلكەی پلاستیكی و مادەی كیمیایی دەخەنە ناو چایەكەوە، بە خواردنەوەیشی دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤ و دواجار مرۆڤ تووشی نەخۆشیی كوشندە دەكات.
توێژینەوەیەك كە لە گۆڤاری ئێن پی جی ساینس ئۆف فوود بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی داوە: ئەگەر تۆوی چا دەخەنە ناو كیسەوە و ئینجا لە ناو كتیلدا ئامادەی دەكەن، ئەوا پێویستە ئەوە بزانن لە ناو هەر كووپێكی چا 555 تا دوو هەزار و 498 تەنۆلكەی پلاستیكی بوونی هەیە، ئەمە ئەگەر كیسەی چاكە بۆ ماوەی سێ خولەك لە ناو ئاوی گەرم بمێنێتەوە.
هاوكات توێژەران دووپات لەوە دەكەنەوە، دووانەی مادەی فینۆل ئەی و پێكهاتە كیمیاییەكانی تر لە ناو ئەو چایانە بوونیان هەیە كە بە كیس ئامادە دەكرێن، دووانەی فینۆل ئەی ڕێژەی دەگاتە 4.55% تا 21.7%، ئەمەیش مادەیەكی كیمیایی زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دووانەی فینۆل ئەی كاتێك لە ناو جەستە ڕێژەكەی زۆر بێت، ئەوا هاوسەنگی هۆرمۆنەكان تێكدەدات و كێشەی تەندروستی بۆ مرۆڤ دروست دەكات.
لە كۆتاییدا توێژەران دووپات لەوە دەكەنەوە، پێویستە وردبینیی زیاتر بۆ كیسەی چا و تەنۆلكە پلاستییكییەكانی بكرێ، چونكە چوونیان بۆ ناو جەستە زیانی گەورە و مەترسیداری هەیە.