جاران گرووپی گوشار و لۆبیكردنی ئایپاكی سەربە جووەكان و نزیك لە ئیسرائیل، بڕیاردەری یەكلاكەرەوەی هەڵبژاردنەكان بوو، بەڵام ساڵێك پێش ئێستە لیژنەی "ئەمەریكان پرایۆریتس" دروست كرا و نەخشەی پارەداركردنی سیاسەتی ئەمەریكا و هەڵبژاردنەكانی بە تەواوی گۆڕی و بووە ئاڵنگاری و كۆسپێكی گەورە لە بەردەم گرووپی ئایپاك، دوای ئەوەی بەشداربوو لە بردنەوەی دوو كاندید لە پێشتردا و بڕی هەشت ملیۆن دۆلاری بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن بۆ كۆكردنەوە، ئەو ئەزموونەیش هاوسەنگی هێزی لە ناو حزبی دیموكراتەكان گۆڕی.
لە كاتێكدا لە ماوەی ڕابردوو ئایپاك دووپاتی كردەوە، پشتیوانی لە كاندیدان دەكات و پارەی بەخشینەكانیان پێ دەبەخشێت لە ڕێی لیژنەی سیاسی ئایپاكەوە، سەرەڕای ئەو هەوڵانە و ئەو سەرمایە زۆرەی لە دەستی ئایپاكەوەیە، بەڵام هەڵبژاردنی ئامادەكاری و بردنەوەی دوو كاندید و كۆكردنەوەی ژمارەیەكی زۆری كۆمەك و پیتاك لەلایەن ئەمەریكان پرایۆریتسەوە، گۆڕەپانی ململانێی سیاسی و هەڵبژاردنی لەلایەن گرووپەكانی دروستكردنی گوشار گەرم كردووە.
ئەمەریكان پرایۆریتس لە سەرەتای ئەمساڵ بە فەرمی لە لیژنەی هەڵبژاردنی فیدراڵی
ئەمەریكا وەك لێژنەیەكی خەرجی سیاسی سەربەخۆ لە جۆری "سوپەر پاك" دامەزرا، ئەو جۆرە قەوارانە دەتوانن كۆمەك و پیتاكی بێ سنوور لە كەسایەتی و دامەزراوەكان كۆ بكەنەوە، لە خەرجیی رێكلام و كەمپەینەكان پشتیوانی لە كاندیدان بكەن یان هێرشیان بكەنەسەر، بەڵام بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە ڕاستەوخۆ پارە بە كاندیدان بدەن و هەڵمەتەكانیان بۆ بەڕێوە ببەن.
دروستبوونی ئەو لیژنەیە لە كاردانەوەی كارەكانی ئایپاك بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2024 و كۆنگرێس، ئایپاك ئەوكات ملیۆنان دۆلاری بۆ ڕێگری لە سەركەوتنی ئەو كەسانە خەرج كرد كە رەخنەیان لە ئیسرائیل لە ناو كۆنگرێسی ئەمەریكا دەگرت، لە ناویاندا كاندیدی دیموكراتەكان "جەمال بوومان لە نیویۆرك" و "كوری بووس لە میزۆری".
لیژنەی ئەمەریكان پرایۆریتس لەلایەن هانا فێرتیگ ستراتیجدانەری سیاسییە و جووە و پێشتر لە هەڵمەتی سیناتۆر بێرنی ساندەرز بۆ سەرۆكایەتیی ئەمەریكا كاری كردووە، پێوەندیی تۆكمەی بە تۆڕەكانی چەپی پێشكەوتوو لە ناو حزبی دیموكراتەكان هەیە. ئامانجی ئەو لیژنەیە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەو گۆڕانكارییانەی لە بنكەی جەماوەری دیموكراتەكان دروست بووە، بەتایبەت لەبارەی دۆسیەی غەزە و یارمەتییە بێ سنوورەكانی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل، بۆیە لیژنەكە لە كاندیدانی پێشكەوتوو دەگەڕێ كە خاوەنی دەرفەتی ڕاستەقینەی سەركەوتنن، بەتایبەت كاتێك ڕكابەرانیان لەلایەن ئایپاكەوە پشتیوانیان بكرێت.
بەگوێرەی تۆمارە فەرمییەكانی لیژنەی هەڵبژاردنی فیدراڵی لە ئەمەریكا، لیژنەی ئەمەریكان پرایۆریتس لە دوای دامەزراندنیەوە، توانیویەتی 8.23 ملیۆن دۆلار كۆ بكاتەوە و ڕێژەی 7.99 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە، لە ژمێرەی كۆتایی خۆیدا وردەكارییەكانی خستووەتەڕوو و ئەوەی ماوەتەوە 242 هەزار دۆلاری ئەمەریكییە.
لە بەرانبەردا لیژنەی پڕۆژەی دیموكراتی یەكگرتووی سەربە ئایپاك، نزیكەی 112.8 ملیۆن دۆلاری لە خولی هەڵبژاردنی ئێستە خەرج كردووە و خەرجییە ئاشكراكانیشی 85 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوەیش بەو مانایە دێ كە ئەمەریكان پرایۆریتس بە سەرمایەیەكی زۆر كەمەوە دەیەوێ ڕووبەڕووی ئایپاك و سەرمایە زۆرەكەی ببێتەوە.
تۆمارەكان ئاشكرای دەكەن، گەورەترین دابینكەرانی پارەی ئەمەریكان پرایۆریتس، بریتین لە سەرمایەدار محەمەد وەقاسی دانیشتووی نیویۆرك و عومەر حەسەن دانیشتووی كالیفۆرنیا كە هەریەكەیان بڕی ملیۆنێك دۆلاریان پێ بەخشیون، هەروەها ئیفاق ئەحمەدی وەبەرهێنەر نیو ملیۆن دۆلار و ئیدریس موختارزادە دامەزرێنەری هاوبەشی كۆمپانیای رۆكێت مۆنی 350 هەزار دۆلاریان پێ بەخشیوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەكان، زۆرینەی بەخشەرانی ئەو لیژنەیە ڕەچەڵەكی پەنابەری و مسوڵمانن و هاتوونەتە ناو بواری پارەداركردنی سیاسیی بەشێوەیەكی زۆر چالاك، دوای دەركەوتنی والی نیویۆرك زەهران مەمەدانی بەشێوەیەكی فراوان لە 2025.
یەكێك لە دیارترین وەبەرهێنانەكانی ئەو لیژنەیە لە هەڵبژاردن، پشتیوانیكردنە لە پزیشكی ئەمەریكی بە ڕەگەز میسری ئادەم حەمەوی كاندیدی دیموكراتەكان لە بازنەی دوازدەیەمی ویلایەتی نیوجێرسی، ئەمەریكان پرایۆریتس 1.6 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانی لەو كاندیدە خەرج كرد.