وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەم بڵاوی كردەوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی گفتوگۆ و دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا دەگرێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەوەیشدا محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێرانی دەمێنێتەوە و دەسپێشخەرییە حەوت ڕۆژییەكەی تارانیش بۆ دوو ڕۆژ كورت كراوەتەوە.
ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی
ئێران، لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، دەسپێشخەرییەكەی تاران كە پێشتر ڕاگەیەنرا و بۆ جێبەجێكردنی ماوەی حەوت ڕۆژ دانرابوو، ئێستە كورت كراوەتەوە و دەتوانرێ لە دوو ڕۆژ جێبەجێ بكرێت.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، مەرجەكانی تاران تا ئێستەیش لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییەكە ماون و دەستكارییان نەكراوە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، وەڵامی پەیامەكەی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەگەڕێتەوە، چونكە پەیامەكە ئاراستەی موحسین ڕەزایی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كراوە.
دەسپێشخەرییە كورتكراوەكەی ئێران بۆ جێبەجێكردنی لە دوو ڕۆژ، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە ئەمەریكا گەمارۆ و سزاكانی سەر ئێران هەڵبگرێ، ڕێ بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بدات و پارە سڕكراوەكانیشی ئازاد بكات، لە بەرانبەردا ئێران گەرووی هورمز بەشێوەیەكی ئاسایی و وەك پێش دەستپێكردنی جەنگ دەكاتەوە.