رۆیشتن بە پێ.. ئەو بەریتانییەی لە ماوەی 28 ساڵدا 30 وڵات گەڕاوە

:: AM:11:36:03/11/2026 ‌
پیاوێكی بەریتانی بەو ریسكەی لە ژیانیدا كردی، ماوەی 28 ساڵ بە پێیەكانی، 30 وڵات گەڕاوە و دواتریش گەڕاوەتەوە ماڵەكەی. باس لەوە دەكرێ كە ئەوكاتەی گەشتەكەی دەست پێ كرد، تەمەنی كوڕەكەی هەشت ساڵ بووە، كاتێكیش گەڕاوەتەوە، دەبینێ بووەتە باوك و باوەش بە نەوەكەی دەكات.

پێگەی "عەرەبیە" رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو ریسكەی كارڵ بۆشپی لە ژیانیدا كردوویەتی و ماوەی 28 ساڵ بە پێ، 30 وڵاتی جیاواز گەڕاوە. باس لەوە دەكرێ كە كاتێك ویستی دەست بە گەشتەكەی بكات، نیازی وابوو لە ماوەی 12 ساڵ كۆتایی پێی بێنێت و بگەڕێتەوە ماڵەكەی، بەڵام وەك خۆی بۆ میدیاكان باسی كردووە، هەندێك جار ڤیزە و هەندێك جاریش نەخۆشی و بەتایبەتی لە قۆناغی كۆرۆنادا، گەشتەكەی زۆر دواخستووە.

ئاماژە دراوە كە كارڵ كاتێك لە ساڵی 1998دا دەستی بە گەشتەكەی لە چیلییەوە كردووە، ئادەمی كوڕی تەمەنی هەشت ساڵ بووە، كاتێك گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەكەی، دەبینێ كوڕەكەی بووەتە باوك و ئەویش كوڕێكی هەیە، لە كاتێكدا بۆ یەكەمین جار باوەشی بە نەوەی كردووە، چونكە پێشتر تەنیا لە رێگەی شاشەی مۆبایل بینیویەتی.

باس لەوە دەكرێ كە زیاتر لە نیوەی تەمەنی لەو گەشتەدا بەسەر بردووە، ئێستەیش تەمەنی گەیشتووەتە 57 ساڵ. لە ماوەی گەشتەكەیدا چوار جار ئادەمی كوڕی لە شوێنە جیاوازەكان سەردانی كردووە، ئەگەر نا تەنیا لە رێگەی مۆبایلەوە ئاگای لە خێزانەكەی هەبووە.

ئادەم بۆ رۆژنامەی "یۆركشایر پۆست" دەڵێت، ئەوكاتەی باوكم گەشتەكەی دەست پێ كرد، زۆر منداڵ بووم و بەدرێژایی گەشتەكەی هەستم بە بێ باوكی دەكرد و لە زۆر قۆناغێكدا پێویستیم پێی دەبوو، بەڵام دوور بوو. 

دایكی كارڵیش "ئەنجێلا" دەڵێت، لە چاو و دڵی منەوە كاتێك كارڵ گەشتی كرد زۆر منداڵ بوو، ئێستەیش كە گەڕاوەتەوە بووەتە باپیر. تا ئەوكاتەی گەڕایەوە تەنیا چەند جارێك لە رێگەی مۆبایلەوە بینیومە، بۆیە دووربوونی ئەو لە ئێمە زۆر درێژەی كێشا و بە ئازار بوو.

كارڵیش دەڵێت ئەوەی زیاتر ئازاری دەدام، بۆنەكانی لەدایكبوون و بۆنەكانی تری خێزانی بوو كە منیان لەگەڵ نەدەبووم، بەڵام ئەوەی ئێستە دڵخۆشم دەكات، لە باوەشگرتنی نەوەكەمە و ویستی زیاترم بۆ ژیان پێ دەگەیەنێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د